هەپەگە: کشانەوەی هێزەکانمان لە تورکیا بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتییە لە ناوچەکە
فەرماندەی فەرماندەیی هەپەگە ڕایگەیاند، هەنگاوی کشانەوەی هێزەکانیان لە تورکیا بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتییە لە ناوچەکە؛ هاوکات ئازادکردنی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەکە زۆر گرنگ دەبێت.
یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەڤریم پالو, فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس باسی لە پرۆسەی کشانەوەی چەکدارەکان لە تورکیا کرد.
دەڤریم پالو ڕاگەیاند، کەسانێک هەن کە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بکەن، بەڵام ئەو هەنگاوەی ئێستا دەیگرینەبەر بۆ ڕێگریکردنە لەم جۆرە هەوڵانە بگرین، ئەگەر نا دەکرێت زیان بە پرۆسەکە بگەیەنن.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەشی داوە، ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زۆر گرنگی دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی کاریگەرانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری چیای قەندیل و بە بەشداریی 25 چەکدار بەڕێوەچووە؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەنگاوێکی نوێی کردەیی پارتەکەی لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایانگەیاند، لەسەر بنچینەی بەرنامە و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12 و بە دەستووری ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستمان کرد بە هەنگاوی کشانەوەی ئەو هێزانەمان لە تورکیا لەبەردەم ئەگەری مەترسی پێکداداندان و زەمینە لەبارن بۆ ڕوودانی ئەگەری نەخوازراو."
