لە کێڵگەیەکی نەوتی عێراق ئاگر کەوتەوە و ژمارەیەک قوربانیی هەیە
لە ئاگر کەوتنەوەی کێڵگەیەکی نەوتی باشوور، کارمەندێک گیانی لەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەهۆی دزەکردنی غاز لە یەکێک لە سیستەمەکانی غاز، ئاگر لە کێڵگەی نەوتی باشووری عێراق کەوتەوە، بەهۆیەوە کارمەندێکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە گیانی لەدەستدا و لانیکەم نۆ کەسی دیکەش لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بریندار بوون.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کاتژمێر 9 و 15ـی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، غاز لە یەکێک لە سیستەمەکانی غازی کۆگای (زوبێر یەک) لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق دزەی کرد، بە تایبەتیش لە سیستەمی پەمپی کۆن لە کۆگاکەدا، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر.
لە لای خۆیەوە، فەرمانگەی تەندروستی بەسرە ڕایگەیاند: یەک حاڵەتی مردن و برینداربوونی نۆ کەسی دیکە لە ڕووداوەکە هەن کە ژنێکیان لە نێودایە، بریندارەکانیش برینیان جیاوازە، هەندێکیان برینیان سووکە، هەندێكی دیکەیان دووچاری هەناسەتەنگی بوونەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکی دواتردا دووپاتی کردەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە.
لە عێراقدا پێوەرەکانی سەلامەتی جێبەجێ ناکرێت، وڵاتەکەش بە ڕێژەی 90٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بە تایبەت لە کەرتەکانی بیناسازی و گواستنەوە، هەروەها وڵاتەکە بەهۆی ململانێکانەوە ژێرخانێکی داڕووخاوی هەیە کە ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و کارەساتی کوشندەی دیکە.
لە 17ـی تەممووزی ڕابردوودا، 61 کەس لە ئاگرکەوتنەوەی سەنتەرێکی بازرگانی شاری کوت، لە پارێزگای واسیت گیانیان لەدەستدا کە تەنها چەند ڕۆژێک بوو کرابووەوە.
