ترەمپ: ئەمشەو گورزێکی زۆر کاریگەر لە ئێران دەوەشێنین

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمشەو ئەمریکا گورزێکی زۆر کاریگەر لە ئێران دەوەشێنێت.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، سیستەمی رادار، بەرگریی دژەفڕۆکە و هەموو جۆرەکانی دیکەی بەرگریی ئێران لە پاڵ زۆربەی توانا هێرشبەرییەکانی ئەو وڵاتەدا لەناوچوون.

لەبارەی ئامانجەکانی داهاتووی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و ناوەندەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرێت. 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ ئەو هەنگاوەی بە بارودۆخی ڤێنیزوێلا چواند و روونیشی کردەوە، ئەمریکا هەمان ئەو کارە دەکات کە لە ڤێنیزوێلا کردی، چونکە ئەو هەنگاوە بۆ هەردوو وڵاتی ڤێنیزوێلا و ئەمریکا زۆر بە باشی کاری کردووە و سەرکەوتوو بووە.

 

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران
 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائی؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، 11ـی حوزەیران؛ ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر خاکی ئێران. 

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکان بۆ سەر تواناکانی چاودێریی سەربازیی ئێران، سیستمەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بوون.

سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، هێرشەکان بۆ بەرگری لەخۆکردن بوون لە دژی چەندان ئامانجی ئێران و لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات بوون. دووپاتیشی کردەوە، "ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکن بۆ دەستدرێژییە بێ پاساو و بەردەوامەکانی ئێران. هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیاری و ئامادەییەوە دەمێننەوە."

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکاشدا؛ سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی واشنتن لە کوەیت و وڵاتانی کەنداو. بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە؛ ئاسمانیی ناوچەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک داخرا. 

پێش ئەم هێرشانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئامانجیان لەو گورزە ئاسمانییانە، ناچارکردنی ئێرانە بە قبووڵکردنی رەشنووسی ئەو رێککەوتنەی وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازیان کردووە؛ بەڵام تاران سوورە لەسەر مەرجەکانی و ئامادە نییە سازش بکات.