سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی دووسایدی شەقامی 40 مەتری سۆرانی بەسەر کردەوە

سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی دووسایدی شەقامی 40 مەتری سۆرانی بەسەر کردەوە
سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی دووسایدی شەقامی 40 مەتری سۆرانی بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی بە ڕێگای (40)م/ قەزای ناوەندیی سۆران بەسەر کردەوە. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ هاتین بۆ کردنەوەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران کە شوکر بۆ خوا تەواو بووە. ئەمەش (دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی) بەشێکی ترە لە پڕۆژەیەکی تر لە دروستکردنی پردێک کە ماوەیەکە دەست پێ کراوە و لە ماوەیەکی زوو، ئینشاڵڵا، تەواو دەبێت. ئەمەش هەمووی دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "ئامانجمان ئەوەیە کە بارودۆخی ئەم شارە، ئەم دەڤەرە بە شێوەیەکی گشتیی باشتر بکەین و ڕێگاوبانەکان باشتر بکەین. سەرنجی خەڵک زیاتر بۆ ئەم دەڤەرە ڕابکێشین، شوێنێکی گەشتیارییە، شوێنێکی زۆر سەرنجڕاکێشە."

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە "دەمانەوێت خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشکی هاووڵاتییان بکەین. هەلی کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنین و زیاتر وا بکەین خەڵکێک بە ئاسانتر بتوانێت سەردانی ئەم ناوچە جوانانە بکات."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە بەرنامەمان وایە کە زۆربەی شارەکان بەیەکەوە ببەستینەوە بە جووت سایدی، واتە جادەکان فراوان بکەین، شەقامی باشتری دروست بکەین. هەمووی لە بەرنامەکەدا هەیە. بەڵام من نامەوێت ئاماژە بە تاک تاکی ئەو شوێنانە بدەم، تا کوو تەواو دەبن. دوای کە تەواو بوون، ئینشاڵڵا خۆتان دەیبینن."

 

 

ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی نزیکەی 52 ملیار دیناری عێراقی، لەلایەن کۆمپانیای "کاڤین گروپ"ەوە جێبەجێ دەکرێت. بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت و ماوەی تەواوبوونی 900 ڕۆژە. 

ئەم ڕێگا کەمەربەندییە ناوەندی شار بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبەستێتەوە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان.

درێژیی شەقامەکە 3,200 مەترە و لە دوو سایدی پێک هاتووە، کە هەر یەکێکیان 3 لاینی هاتوچۆ لەخۆدەگرێت. هەروەها، شۆستەیەک بە پانیی 2.5 مەتر و سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاوەڕۆ بە درێژایی ڕێگاکە دروست دەکرێت، کە یارمەتیدەر دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی ئاوی باران و پاراستنی ژێرخانی شەقامەکە.

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم پڕۆژەیە، دروستکردنی پردێکی هایدرۆلیکییە بە درێژیی 290 مەتر. ئەم پردە لەسەر 8 پایەی دوانەیی (pier) و دوو ئەباتمێنت (Abutment) بنیاد دەنرێت. پردەکە 209 پایلی لە جۆری تیرە 120 سم لەخۆدەگرێت کە قووڵییان لە نێوان 10 بۆ 25 مەتردایە. بەرزترین خاڵی پردەکە دەگاتە 32 مەتر، کە بەمەش دەبێتە یەکێک لە بەرزترین پردەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق.

لە پڕۆژەکەدا 216 گێردەری قەبارە 120 بەکاردەهێنرێت و کۆی بەرزیی بڕین و پڕکردنەوەی خاک نزیکەی 50 مەتر دەبێت، کە ئەمەش قەبارەی گەورەی کارە ئەندازیارییەکانی پڕۆژەکە نیشان دەدات.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری لە سۆران و دەوروبەری، هەروەها سیمایەکی شارستانی و مۆدێرن بە ناوچەکە دەبەخشێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment