مەسرور بارزانی: دەمانەوێت خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشکی هاووڵاتییان بکەین

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی بە ڕێگای (40)مەتری قەزای ناوەندیی سۆران بەسەر کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ هاتین بۆ کردنەوەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران کە شوکر بۆ خوا تەواو بووە. ئەمەش (دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی) بەشێکی ترە لە پڕۆژەیەکی تر لە دروستکردنی پردێک کە ماوەیەکە دەست پێ کراوە و لە ماوەیەکی زوو، ئینشاڵڵا، تەواو دەبێت. ئەمەش هەمووی دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "ئامانجمان ئەوەیە کە بارودۆخی ئەم شارە، ئەم دەڤەرە بە شێوەیەکی گشتیی باشتر بکەین و ڕێگاوبانەکان باشتر بکەین. سەرنجی خەڵک زیاتر بۆ ئەم دەڤەرە ڕابکێشین، شوێنێکی گەشتیارییە، شوێنێکی زۆر سەرنجڕاکێشە."

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە "دەمانەوێت خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشکی هاووڵاتییان بکەین. هەلی کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنین و زیاتر وا بکەین خەڵکێک بە ئاسانتر بتوانێت سەردانی ئەم ناوچە جوانانە بکات."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە بەرنامەمان وایە کە زۆربەی شارەکان بەیەکەوە ببەستینەوە بە جووت سایدی، واتە جادەکان فراوان بکەین، شەقامی باشتری دروست بکەین. هەمووی لە بەرنامەکەدا هەیە. بەڵام من نامەوێت ئاماژە بە تاک تاکی ئەو شوێنانە بدەم، تا کوو تەواو دەبن. دوای کە تەواو بوون، ئینشاڵڵا خۆتان دەیبینن."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment