مەسرور بارزانی: شاخەکان شاهێدی خەبات و قوربانیدانی پارتین
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی, جێگری سەرۆکی پارتی ئاهەنگی جەماوەری سنووری ئیدارەی سۆران بە هەردوو لقی 10 و 26ـی گوڵان لە یاریگەی وەرزشی سۆران بەڕێوە چوو.
جێگری سهرۆكی پارتی له سهرهتای گوتارهكهیدا ڕایگەیاند، پێویستیە ئێمە بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەین بۆ ئەوەی خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدات، بۆ ئەوەی خوشک و براکانی ئێوە، نوێنەرانی ڕاستەقینەی ئێوە، دڵسۆزانی ڕێبازی پارتی و بارزانی بتوانن لە سەنگەری پێشەوەی پەرلەمانی بەغدا بەرگری لە مافەکان بکەن.
مهسرور بارزانی گوتیشی: هەر بۆیە پێویستە ئێمە پشتیوانیان بین و پێویستە لە ڕۆژی هەڵبژاردن خۆمان و کەسوکارمان و هاوڕێ و دۆستەکانمان بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی گەورەترین سەرکەوتن بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەست بهێنین.
جێگری سەرۆکی پارتی ڕووه و ههواداران و ئهندامان و لایهنگرانی پارتهكهی جەخت دەکاتەوە کە بە هێمنی و بە شێوەیەكی شارستانییانە بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەن و گوتی: ئێمە بە ڕەوشتی بەرزی پارتایەتی و ڕێبازی بەرزی بارزانی بانگەشە دەکەین، لەسەرخۆ، بەڵام بە هەنگاوی پتەو، بە بڕوا بەخۆبوون و پشت بە خوا، بە دەنگی ئێوە بەرەو سەرکەوتن دەچین.
مەسرور بارزانی لە هەڵمەتەکەدا بە جەماوەری ڕاگەیاند، خەڵک کە ئێوە دەبینێت، ئەوەی دۆستی پارتی بێت دڵی خۆشە، دڵنیاشم ئەوەی ناحەزە بە بینی ئێوە تەواو بێهیوا بووە.
گوتیشی: پێشتریش بڕیاری ناحەزان ئەوە بمانوەستێنن، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتریش پێمان گوتن کە ناتوانن، ئێستاش ناتوانن ڕامان بگرن. ئەمجارە قسەی ئێمە تەنیا دروشم نییە، بە کردار سەلماندوومانە، کە ئەوەی دەیڵێین، دەتوانین بیکەین و دەشتوانین.
هەروەها ئاماژەی دا، خەڵکی دیکە خۆیان تاقی کردووەتەوە، ئێوەش دەرفەتتان بە هەموو لایەنێکی سیاسی داوە، کە بێن خۆیان تاقی بکەنەوە و بزانن دەتوانن چ دەستکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست بێنن. بە دڵنیاییەوە دەتوانم یەک ڕاستیتان بۆ باس بکەم، هەرچی دەستکەوتە بە سەرپەرشتیی پارتی بەدەست هاتووە، هیچ لایەنێک بەبێ پارتی نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەم گەلە بەدەست بێنێت، بۆیە ئەوانەی هاوپەیمانیی پارتی بوون، بەشدار بوون لە سەرکەوتنەکان، ئەوانەشی لەگەڵ پارتی وەستان، شانازی بە سەرکەوتنەکانی پارتییەوە دەکەن، خۆشیان دەتوانن شانازی بە بەشداربوونی خۆیانەوە بکەن، بەڵام ئەوانەی ناحەزی پارتی بوون، ئەوانەی ویستیان ڕێگری لە پارتی بکەن، ئەوانەی ویستیان خەڵکی کوردستان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بێنن، ئێستا هەموومان دەبینین ئەوان لە کوێن و پارتی لە کوێیە.
جێگری سەرۆکی پارتی له بهشێكی دیكهی گوتارهكهیدا گوتی: پارتی بێگومان ئێستا لە ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نییە و بەهێزترین حزبی سیاسیی کوردستانە، دەمانەوێت ئەو هێزە ببەینە بەغدا و لەوێ بەگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراق بکەین؛ شاخەکانی ئەم دەڤەرە و کوردستان شاهێدی خەبات و قوربانیدانی پارتی و پێشمەرگەیە، پارتی مێژووێکی پڕ لە سەروەری و قوربانی هەیە، هەگبەیەکی پڕ لە دەستکەوت و پرۆژەی هەیە، هەروەها ئاییندەیەکی پڕ لە هیوا و ئومێد هەیە.
مەسرور بارزانی هاوكات گوتیشی: ئێمە بۆ دوو مەبەست داوای متمانەی هاووڵاتییان دەکەین، یەک دەمانەوێت هاووڵاتییان بەردەوام بن لەوەی متمانەمان پێ بدەن تاوەکوو بەردەوام بین لە خزمەتیان، دەمانەوێت دەنگی هاووڵاتیانمان لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین، نەک تەنیا ئەو دەستکەوتانەی هەن دەبێت بەرگریان لێ بکەین و بیانپارێزین، بەڵکوو پارتی بەرنامەیەکی هەیە بۆ ئاییندەیەکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر، بۆیە پێویستیمان بە دەنگ و متمانەی ئێوە هەیە، پێویستە لەگەڵ پارتی بوەستن بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو دوژمن و ناحەزانی کوردستان بێهیوا بکات، کوردستانیش بەرەو قۆناغێکی گەشتر و گەشاوەتر ببات.
گوتیشی: ئێمە کە داوای متمانەی ئێوە دەکەین دەتوانین ئاماژە بە دەستکەوتەکانیشمان بکەین، ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین و تەنیا قسە ناکەین، کە بەڵێنمان دا جێبەجێمان کرد، کە قسەشمان کرد بەجێمان گەیاند، کە پێمان گوتن خزمەتتان دەکەین، خزمەتمان کردن، ئیستاش پێویستە زیاتر خزمەتتان بکەین، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوتووتر بین لە خزمەتکردنی ئێوە، پێویستیمان بە پشتیوانیتان هەیە، بۆیە لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێین.
هەر لە گوتارەکەیدا گوتی: ئێمە پێشتر بەڵێنمان پێدان خزمەتتان دەکەین و پرۆژەتان بۆ دەکەین، شۆڕشی ئاوەدانی پارتی دەستی پێکردووە، کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی سەرپەرشتی کردووە، بەردی بناغەی ئاوەدانی کوردستانی داناوە، ئێمە ڕۆژ دوای ڕۆژ پرۆژەی زیاترتان بۆ دەکەین، ئەوەشی دەیکەین منەت نییە و بە ئهرکی خۆمانی دەزانین و شانازی بە خزمەتکردنی ئێوەوە دەکەین.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، دەمانەوێت هێزی پارتی ببەینە بەغدا لەوێ بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق بکەین.
