دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی لە سۆران

مەسرور بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، پارتی گەرەنتیی سەركەوتنی كوردستانە، هەروەها جێی دڵخۆشییە کە گەنجانی کوردستان ڕوویان لە پارتی كردووە. جەختی لەوەش کردەوە، بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادەین جارێكی تر عێراق بەرەو مەركەزییەت و دیكتاتۆرییەت بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ئاهەنگی پشتیوانیکردنی لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران كرد و تێیدا گوتارێكی پێشكەش كرد.

جێگری سەرۆکی پارتی، گوتی: جەماوەری خۆڕاگری و قارەمانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ڕۆڵەی شاخە سەربەرزەکانی کوردستان، خەڵکی قەزاکانی ناوەندی سۆران، مێرگەسۆر، سیدەکان، چۆمان ڕواندوز و خەلیفان، هەمووتان بەخێربێن و سەرچاوان.

دەشڵێت: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام و سڵاوی ڕابەر و مەرجی کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانیتان پێ ڕادەگەیەنم.

 

دەقی گوتارەکەی مەسرور، جێگری سەرۆکی پارتی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

جەماوەری خۆڕاگر و قارەمانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

پێشمەرگە قارەمانەكان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

رۆڵەی شاخە سەربەرزەكانی كوردستان

خەڵكی قەزاكانی ناوەندی سۆران و مێرگەسوور و سیدەكان و چۆمان و رواندز و خەلیفان، هەمووتان بەخێربێن سەر سەر و سەرچاوان. 

زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدام و سڵاوی رابەر و مەرجەعی كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانیتان پێ ڕادەیگەیەنم.

ئێوە وزەمان پێ دەبەخشن، ورەمان پێ دەبەخشن، ئەو حەماسەتەی ئێوە هەتانە وا دەكات ئێمە بەردەوام بین لەوەی كە بەرەو سەركەوتنێكی گەورەتر بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم هەڵبژاردنە بۆ بەغدا، بۆ پشتیوانیی ئەم خوشك و برایانە هەنگاو بنێین. داوا دەكەم هەر هەموومان بە یەكەوە، لە جیاتی هەر هەمووتان، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو كاندیدەكان بكەین كە ئێستا لێرە ئامادەن لەگەڵ ئێمە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر بەخێر بێن. 

 

بەڕێزان:

ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز دەڕۆین، ئەم هەڵبژاردنەش وەكوو هەموو هەڵبژاردنەكانی تر گرنگە، راستە ئەمجارە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام پێویستە ئێمە بچینە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگریی لە دەستكەوتەكانمان بكەین. 

ئێمە مێژوویەكی دوور و درێژی قوربانیدانمان هەیە، خەبات و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی ئەم دەڤەرە لە سەرەتای هەموو شۆڕشەكانەوە تاكوو ئێستا ئەمەی لێ كەوتووەتەوە، كوردستانێكی ئازاد و سەربەرز و كوردستانێكی ئاوەدان، بۆ ئەوەی ئاوەدانیمان بپارێزین، بۆ ئەوەی دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێ، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ناحەزانی ئەم گەلە بتوانن مافە دەستوورییەكانی ئێمە پێشێل بكەن، پێویستە هەموومان بەشدارییەكی كارای ئەم هەڵبژاردنە بكەین، تاكوو هێزی پارتی بە هەموو دونیا پێشان بدەین.

 

خوشك و برایان:

پێویستە ئێمە بەشداریی لەم هەڵبژاردنانەدا بكەین بۆ ئەوەی خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدات، بۆ ئەوەی خوشك و براكانی ئێوە، نوێنەرانی راستەقینەی ئێوە، دڵسۆزانی كوردستان، دڵسۆزانی رێبازی پارتی و بارزانی، بتوانن لە سەنگەری پێشەوە لە پەرلەمانی بەغدا بەرگریی لە مافەكانتان بكەن، پێویستە هەموومان پشتیوانیان بین، پێویستە لە رۆژی هەڵبژاردن، خۆمان و كەسوكارمان و هاوڕێ و دۆستەكانمان هەموومان بچینە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی گەورەترین سەركەوتن ئەمجارەش بۆ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەست بهێنین. با لەسەرەخۆ و بە هێمنی، بە شێوەیەكی شارستانییانە بەشداریی لەم هەڵبژاردنە بكەین. ئێمە بە رەوشتی بەرزی پارتایەتی و رێبازی بارزانی بانگەشە دەكەین، لەسەرخۆ ، بەڵام بە هەنگاوی موكەم، بە بڕوابەخۆبوون، پشت بە خوا، بە دەنگی ئێوە، بەرەو سەركەوتن ئینشائەڵا. 

 

بەڕێزان:

خەڵك كە ئێوە دەبینێت، ئەوەی دۆستمانە دڵی خۆشە، دڵنیام ئەوەی ناحەزیشە بە بینینی ئێوە بێهیوا بووە. ئینشائەڵا هەروا سەربەرز دەبن، هەروا سەركەوتوو دەبن، هەروا وزەمان پێ دەبەخشن و پشتیوانی پارتی دەبن. 

پێشتریش بڕیاری ناحەزان ئەوە بووە بمانوەستێنن، لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتریش پێمان گوتن كە ناتوانن، ئێستاش ناتوانن ڕامانبگرن. ئەمجارە قسەی ئێمە بەس درووشم نییە، بە كردەوەش سەلماندوومانە كە ئەوەی دەیڵێین دەتوانین بیكەین و دەتوانین. خەڵكی تر خۆیان تاقی كردووەتەوە و ئێوەش دەرفەتتان بە هەموو لایەنێكی سیاسی داوە كە بێن خۆیان تاقی بكەنەوە و بزانن دەتوانن چ دەستكەوتێك بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن. بە دڵنیایی دەتوانم یەك راستیتان بۆ باس بكەن، هەرچی دەستكەوتە بە سەرپەرشتیی پارتی بەدەست هاتووە، هیچ لایەنێك بەبێ پارتی نەیتوانیوە هیچ دەستكەوتێك بۆ ئەم گەلە بەدەست بهێنێت.

ئەوانەی كە هاوپەیمانی پارتی بوون، بەشدار بوون لە سەركەوتنەكان، ئەوانەی كە لەگەڵ پارتی وەستان، شانازیی بە سەركەوتنەكانی پارتی دەكەن و خۆشیان دەكرێ شانازیی بە بەشداربوونی خۆیان بكەن، بەڵام ئەوانەی كە ناحەزی پارتی بوون، ئەوانەی كە ویستیان رێگریی لە پارتی بكەن، ئەوانەی كە ویستیان خەڵكی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن، ئێستا هەموومان دەبینین ئەوان لە كوێن و پارتی لە كوێیە. پارتی بێگومان ئێستا لەسەر ئاستی كوردستان هیچ ركابەرێكی نییە، پارتی بەهێزترین حزبی سیاسیی كوردستانە و دەمانەوێت ئەو هێزە ببەینە بەغدا بۆ ئەوەی لە بەغداش بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و هەموو عێراق بكەن ئەمجارە. 

ئەم شاخانە شاهیدن، شاهیدی قوربانیدانی پارتین، خەباتی پارتین، هی پێشمەرگەن، پارتی مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و قوربانی هەیە، هەگبەیەكی پڕ لە دەستكەوت و پرۆژەی هەیە و ئاییندەیەكی پڕ لە هیوا و ئومێدی هەیە. 

 

بەڕێزان:

بەڕاستی ئێوە وادەكەن نەك بەس دڵمان خۆش بێت، شانازیی بكەین كە بەشێكین لە ئێوە، شانازیی بكەین كە پارتین. 

ئێمە كە دەچین داوای متمانەی هاووڵاتیان دەكەین، بۆ دوو شتە: یەك، دەمانەوێ هاووڵاتیان بەردەوام بن لەوەی متمانەمان پێ بدەن تاكوو بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئێوە. دەمانەوێ دەنگی هاووڵاتیانمان لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەرگریی لە دەستكەوتەكانمان بكەین، نەك تەنیا ئەم دەستكەوتانەی كە هەن پێویستە بەرگرییان لێ بكەین و بیانپارێزین، بەڵام پارتی بەرنامەی هەیە بۆ ئاییندەیەكی باشتر، كوردستانێكی ئاوەدانتر، پێویستیمان بە دەنگ و متمانەی ئێوە هەیە، پێویستیمان بەوەیە ئێوە ئەمجارەش لەگەڵ پارتی بوەستن، پشتیوانیی لە پارتی بكەن، بۆ ئەوەی پارتی هەموو دوژمن و ناحەزانی كوردستان بێهیوا بكات و كوردستان بەرەو قۆناغێكی گەشتر و گەشاوەتر ببات.

ئێمە كە داوای متمانەی ئێوە دەكەین، دەتوانین ئاماژە بە دەستكەوتەكانیشمان بكەین، ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، ئێمە تەنیا قسە ناكەین، كە بەڵێنمان دا جێبەجێمان كرد، كە قسەمان كرد بەجێمان گەیاند، كە پێمان گوتن خزمەتتان دەكەین، خزمەتمان كردن، ئێستاش پێویستە زیاتر خزمەتتان بكەین، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین سەركەوتووتر بین لە خزمەتكردنی ئێوە، پێویستیمان بە پشتیوانیی هەموو لایەكتان هەیە، لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر هەنگاو بنێین. 

ئێمە پێشتر بەڵێنمان پێ دان خزمەتتان دەكەین، پرۆژەتان بۆ دەكەین، شۆڕشی ئاوەدانیی پارتی دەستی پێكردووە، كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی سەرپەرشتیی كردوون، بەردی بناخەی ئاوەدانیی كوردستانی داناوە و ئێمە رۆژ بە رۆژ پرۆژەی زیاترتان بۆ دەكەین، ئەركیشە، ئەمە منەت نییە، هەرچی دەكەین بە ئەركی خۆمانی دەزانین و شانازیی بە خزمەتكردنی ئێوە دەكەین. 

دەمەوێ ئەو موژدەیە بە سەنتەری شاری سۆران بدەم، لەم پێنجشەممەیە پرۆژەی رووناكی بە شێوەیەكی فەرمی لە سەنتەری شاری سۆران دەكەوێتە كار و هەمووتان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەرنامەشمان وایە كە هەموو كوردستان لە ساڵی داهاتوو ببێت بە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری. ئەمە كێشەیەك بووە كە 30 ساڵە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەمجارە ئێمە توانیمان ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین.

پێش ئەوەی بێمە ئێرە، بەشدار بووم لە كردنەوەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران كە بەشێكە لەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێوە دەیكات، بەڵام لەبیرتان نەچێت ئەم حكوومەتە پارتی سەرپەرشتی دەكات بۆیە ئاوا خزمەتی ئێوە دەكات. ئەمە بەشێكە لەو پرۆژانەی كە هەمانە بۆ ئەوەی ئاستی شارستانیەت لەسەر ئاستی هەموو ناوچەكانی كوردستان بەرز بكەینەوە، بژێویی ژیانی خەڵك باشتر بكەین، خزمەتگوزارییەكان فراوانتر بكەین، رێگەوبان فراوان بكەین و دروست بكەین، ئەوەی كە كردوومانە لە دروستكردنی ژێرخانی ئابووری، بەشێكە لەم پرۆژەیەی كە بەردەوام دەبین لە داهاتووشدا ئینشائەڵا. 

ئەوەی كە كردوومانە لە پرۆژەی رووناكی، لە پرۆژەی هەژماری من، لە ئاو، لە خزمەتگوزارییەكان، لە بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان لە وەزارەتەكانی حكوومەت، هەمووی بۆ ئەوە بووە خزمەتی هاووڵاتیان بكرێت، چونكە پارتی خۆی بە ئامانج نەزانیوە، خەڵك ئامانجی ئێمەیە و خزمەتكردنی خەڵك ئامانجی ئێمەیە، پارتی ئامرازە و پارتی شانازی دەكات بەوەی كە خزمەتگوزاری ئێوە بێت. 

بە پێچەوانەوە خەڵكانێك هەن هەمیشە ویستوویانە خەڵك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن، ئامانجیان بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی خۆیان بووە و خەڵكیان بەكار هێناوە بۆ خۆیان، ئێمە خۆمان دەكەینە قوربانی خەڵك. جیاوازیی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تر ئەوە بووە و ئێوەش باش دەزانن، بۆیە دەبینین كە رۆژ بە رۆژ لایەنگرانی پارتی زیاد دەكەن و پارتی لە گەشەكردندایە و لایەنەكانی تر بەرەو سەراوژێر دەڕۆن، پارتی هەر بەرەو لووتكە دەڕوا و هەر بەرەو سەركەوتن دەڕوا. 

پارتی رێگەیەكی ئاسانی هەڵنەبژاردووە، ئەوەی پارتی ویستوویەتی، ڕێگەی راستی هەڵبژاردووە، ڕێگەی دروستی هەڵبژاردووە، خزمەتكردنی كوردستانی هەڵبژاردووە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و كەرامەتی خەڵكی كوردستانی هەڵبژاردووە، ئەم رێگەیەش ئاسان نییە و سەختە، ڕێگەی ئاسان ئەوەیە خۆت بەدەستەوە بدەی، رێگەی ئاسان ئەوەیە بە قسەی ناحەزان تەسلیم ببی، رێگەی ئاسان ئەوەیە هیچ ئیرادەیەكت نەمێنێت، بەڵام لە فەرهەنگی پارتیدا نە خۆبەدەستەوەدان هەیە، نە خۆچەماندن هەیە. ئێمە رێگەمان سەخت و هەورازە،بەڵام دەزانن بۆ؟ چونكە ئێمە بەرەو لووتكە دەڕۆین. ئێمە دەمانەوێ خەڵكی كوردستان وەكوو خەڵكی هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو بژی و هەموو خزمەتگوزارییەكان كە شایستەی خەڵكی كوردستانە بۆیان دابین بكرێ، لە قوتابخانە، لە نەخۆشخانە، لە ڕێگەوبان، لە هەرچی خزمەتگوزارییە بۆ ئەم خەڵكە دابین بكەین، بێگومان دەتوانین ئەوە بكەین، بەڵام بیرتان نەچێت خەڵكێكیش هەیە كە بەردەوام بووە لەوەی كە ڕێگریمان لێ بكات، خەڵكێكیش هەیە بەردەوام بووە لەوەی كە نەیەڵێت پارتی بە ئامانجەكانی خۆی بگات، كە نەیەڵێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات. ئێمە بەردەوام بووین چونكە ئیرادەمان بەهێز بووە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستیمان بە دەنگی ئێوەیە، بە متمانەی ئێوەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بین و هیچ ناحەزێك نەتوانێت ڕێگریی لە سەركەوتنەكانی ئێمە بكات. 

بە لای ئێمەوە حكوومەت بۆ خزمەتگوزارییە، بۆ دەستكەوت نییە، بۆ ئیمتیاز نییە و ئێمە پێداگری دەكەین لەوەی كە حكوومەتێكی خزمەتگوزار لە كوردستان بەردەوام بێت، حكوومەتێك بێت لە سەرتاسەری كوردستان، هەروەك جەنابی سەرۆك فەرمووی، (یەك لەشكر، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەتی هەبێت)، حكوومەتێك بێت كە دوور بێت لە بەرژەوەندیی شەخسی، دوور بێت لە دەستكەوتی شەخسی، حكوومەتێك بێت كە لەشكر بە بڕیاری تاكە شەخس و حزب جووڵەی پێ نەكرێت، حكوومەتێك بێت كە داهاتی ئەم حكوومەتە بۆ خەزێنەی حكوومەت و بۆ خزمەتی كوردستان بگەڕێتەوە، پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر جەختكردن لەوەی كە حكوومەتی شایستە لە كوردستان پێویستە بەردەوام بێت و بە پشتیوانیی ئێوە ئەو حكوومەتە بەردەوام دەبێت. 

ئێمە ڕاستە لەسەر ئاستی عێراق ماوەیەكی زۆرە دەستوورێكمان هەیە و ئومێدمان وابووە كە ئەو دەستوورە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت، بڕوا و متمانەمان وابووە كە لایەنەكانی دەسەڵاتدار لە بەغدا هەموو مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەكوو خۆی جێبەجێ دەكەن، خاڵەكانی دەستوور وەكووی خۆیان جێبەجێ دەكرێن، بەڵام بەداخەوە لە ئاستی ئەو ئەمانەتە نەبوون، نەك تەنیا پێشێلی مافە دەستوورییەكانیان كرد، بەڵكوو ئێستا هاوپەیمانێتی دروست دەكەن و بەڵێن بە یەكتر دەدەن كە قەوارەی هەرێمی كوردستان نایەڵن، بەڵام خوامان لەگەڵە، ئێوەمان لەگەڵە، هەر كەسێك بیر لە داگیركردنی كوردستان بكاتەوە، سەری خۆی لە شاخەكانی كوردستان دەدات. 

ئێمە نامانەوێ تۆڵە لە كەس بكەینەوە، نامانەوێ كاتی خۆمان بە وەڵامدانەوەی كەس بەفیڕۆ بدەین، بەرنامەی ئێمە سەرخستنی ئەزموونەكەی ئێمەیە، جێبەجێكردنی كارە خزمەتگوزارییەكانی ئێمەیە، خزمەتكردنی خەڵكی ئێمەیە، جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئێمەیە، بەرامبەر بە هەر پیلانگێڕییەك، ئێمە سەدان پرۆژە دروست دەكەین، بەرامبەر بە هەر ڕێگرییەك سەد هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕۆین. 

حكوومەتی فیدرالیی عێراق حكوومەتی تاكە لایەنەك نییە، ئێمە بەشێكین لەو حكوومەتە، بە دەنگەكانی خۆمان، بە بوونی خۆمان، بە هێزی خۆمان، پێویستە ئێمە بەشدارییەكی كارامان هەبێت بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك تاكلایەنە بڕیار لە چارەنووسی ئێمە نەدات، پێویستە خەڵكی ئێمە، نوێنەرەكانی ئێمە، خوشك و براكانی ئێوە، بەشدار بن لە بڕیاردان لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان و بگرە هی هەموو عێراقیش. ئێستا خەڵك چاو لە ئێوە دەكات، شارەكانی تری عێراق، پارێزگاكانی تری عێراق چاو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، سەیردەكەن كوردستان چۆن پێشكەوتووە؟ بەڵام خەڵكانێكی تر هەن كە بەردەوامن لە چەواشەكردنی رای گشتی، پێیان دەڵێن هەرێمی كوردستان مافی ئەوانی خواردووە. بەڕێزان، هەرێمی كوردستان مافی كەسی نەخواردووە بەڵام مافمان خووراوە، بەڵام دەبێ كۆتایی بەو مافخورانە بێت و خوشك و براكانی ئێمە بەرگریی بكەن، داوای چەسپاندنەوەی دەستوور و داوای گەڕاندنەوەی هەموو مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. بە 5%ی داهاتی عێراق، كوردستانمان ئاوا ئاوەدان كردووە، بە 95%ی داهاتی عێراق فەرموون بپرسن چ خزمەتێكی شارەكانی تری عێراق كراوە؟ 

پێویستیمان بەوەیە ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ خەڵكی خۆمان و خوشك و برا عەرەبەكانمان، هاووڵاتیەكانی تری عێراق، خوشك و برا توركمانەكانمان، كریستیانەكانمان، هەموویان دەبێ ئەوە بزانن، كوردستان لەگەڵیان دەوەستێت، كوردستان نەك تەنیا داوای مافی خۆی دەكات، داوای مافی تاك بە تاكی خەڵكی عێراق دەكات ئەمجارە. ئەو پارەیەی كە بۆ خەڵكی كوردستان نەهاتووە، مووچەكانیان بڕین، بودجەكانیان بڕین، نەیانهێشت و یارمەتیی ئێمەیان نەدا بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بەرەوپێشەوە بچین، بەڵام چاوەڕێ بووین ببینین لە شوێنەكانی تری عێراق چیان كردووە؟ كە دەبینین هیچیان نەكردووە، دەبێ ئەمجارە ئەو بەرپرسانە بەرپرسیار بن بەرامبەر بە هەموو خەڵكی عێراق و روونی بكەنەوە كە غەدریان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە غەدریان لە هەموو شارەكانی تری عێراق كردووە. ئەمجارە داوای ئێمە ئەوەیە، داوای خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە بەرەیەكی بەهێز دروست بكرێت بۆ پەرەپێدانی دیموكراسیەت، بۆ چەسپاندنی فیدرالیەت، بۆ خزمەتگوزاری، بۆ ئەوەی دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێ و پێشێل نەكرێ، بەرامبەر بە هەموو هزرێكی شۆڤێنی، بەرامبەر بە هەموو هزرێك كە بیر لە مەركەزیەت و دیكتاتۆریەت دەكاتەوە، بەرامبەر بە هەموو گەندەڵكارییەك، ئەمجارە پارتی لەگەڵ هەموو ئازادیخوازێك دەوەستێت، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە دەوەستێت كە داوای دادپەروەری دەكەن و بەیەكەوە دەتوانین ئەو خەونە بكەین بە راستی. سەردەمی مەركەزیەت و دیكتاتۆریەت كۆتایی هاتووە، دەبێ هەر كەسێك بیر لەوە بكاتەوە كە عێراق بەرەو مەركەزیەت دەباتەوە و بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو دەنێت، ئێمە خەڵكێكی هۆشیارمان هەیە، پێشمەرگە قارەمانەكان هێشتا هەن، ڕۆڵەكانی پێشمەرگە هێشتا هەن، ئەو بیری ئازادیخوازییەی كە لە كوردستان چەسپاوە، هێشتا بەردەوامە، بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادەین جارێكی تر عێراق بەرەو مەركەزیەت و دیكتاتۆریەت بگەڕێتەوە. دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراق هاوبەش بكەین، دەمانەوێت یارمەتیی ئەوانیش بدەین، دەمانەوێ عێراق كە وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەختەوەر بێت، پێش بكەوێت، پێشكەوتنی ئابووری لە هەموو وڵاتدا بەردەوام بێت، ئەگەر عێراق بەرەوپێشەوە بچێت، بەختەوەر بێت، خەڵكی عێراق دڵیان خۆش بێت، بژێویی ژیانیان باشتر بێت، خەڵكی ئێمەش دەتوانن زیاتر سوودمەند بن، كارگەكانی ئێمەش دەتوانن زیاتر بەرهەمەكانیان بۆ ناوەڕاست و شوێنەكانی تری عێراق بنێرن، ئێمە دەمانەوێت هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئازادی و بەرەو ئاشتەوایی و بەرەو سەقامگیری بڕوات، ئەمە درووشمی پارتی نییە، شتێكە پارتی لە قووڵایی دڵیەوە، بڕوای پتەوی بەوەیە كە ئێمە لەگەڵ ئاشتەوایین، لەگەڵ پێشكەوتنین، لەگەڵ بانگی ئازادیخوازانین. 

 

خوشك و برایان:

ئێمە بەرنامەی زۆر گەورەمان هەیە بۆ پێشخستنی كوردستان، بۆ هەموو ناوچەیەك، هەر یەكەك بەپێی تایبەتمەندیی خۆی، ئێستا سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەموو ناوچەكانیەوە، بە هەموو گوند و دێهاتەكانیەوە، بەو دیمەن و سرووشتە جوانەی كە هەیەتی، دەكرێ ببێتە یەكێك لە جوانترین شوێنەكانی گەشتیاری نەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵكوو لەسەر ئاستی جیهان. ئێمە بەرنامەمان هەیە و بەشێك لە بەرنامەكانمان دەست پێكردووە، ئێستا گەورەترین پرۆژەی گەشتیاری لە گەلی عەلی بەگ دەستی پێكردووە و سەرەتایەتی، كە تەواو بێت ئەو وەختە دەبینن كە خەڵكی ئەم سنوورە چەند سوودمەند دەبن لەو پرۆژانەی كە حكوومەتی هەرێم لە كەرتی گەشتیاری بۆ ئەم ناوچەیە دەیكات. ئێمە پرۆژەمان هەیە جگە لە ئەوێ، لە هەموو شوێنەكان لە دەوروبەری خۆتان، ل دروستكردنی بەنداو، لە دروستكردنی هۆتێل، لە دروستكردنی رێگەوبان، لە ئاسانكاریكردن بۆ خەڵك، لە دروستكردنی هەلی كار، بەرنامەمان هەیە بەڵام پێویستیمان بە ئێوەیە، لەگەڵ یەكتر، بەیەكەوە ئێمە دەتوانین هەموو ئەو پرۆژانە بكەین بەڕاستی، چۆن ئەوانەی پێشترمان كرد بەڕاستی، ئەمانەش هەموویان لە وەختێكی نزیكدا دەبن بە ڕاستی و خۆتان دەیانبینن. 

بەرنامەمان هەیە هەر لە حاجی ئۆمەرانەوە تاكوو دەچێتە هەولێر، ڕێگەكان بكرێن بە دووساید، بەرنامەمان هەیە كە هیچ گوندێك، هیچ لادێیەك لەم وڵاتە نەمێنێت كە دەستی خزمەتگوزاری پێی نەگات. بەرنامەمان هەیە كە ئاستی بژێویی خەڵكی كوردستان لە هەموو شوێنێك باش بكەین، بەڵام بەڕێزان ئەوەشتان لەبیر نەچێت، لە كاتێك كە ئێمە بەرنامە بۆ باشتركردنی ژیانی ئێوە دادەنێین، خەڵكێك هەبووە كە داوای كردووە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕن، خەڵكێك هەبووە بۆ ئەوەی پارتی بشكێت، زەرەر لە هەموو كوردستان بدەن، بەڵام ئێمەین پاسەوانانی كوردستان، ئێمەین پارێزەرانی كوردستان و بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئەم ئەزموونە، بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ئێوە. 

پڕۆژەی پیشەسازیی گەورەمان هەیە، پرۆژەمان لە هەموو كەرتەكان هەیە، پرۆژەی گەورەمان هەیە لە كەرتی گەشتیاری، لە دروستكردنی ڕێگەوبان هەروەكوو باسم كرد، خۆتان هەندێكتان بینیوە، ئەو بەرزە پردەی ئەمڕۆ كردمانەوە و شوێنی تریش هەیە كە ئینشائەڵا لە كۆتایی ئەمساڵ بەرەو تەواوبوون دەچن، پرۆژەمان هەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵی، پرۆژەمان هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردە و تەندروستی، ئەمانە هیچیان بەڵێن نین، چونكە كردەوەكانی ئێمە، كرداری ئێمە بەڵگەن لەسەر قسەكانی ئێمە، ئێمە تەنیا قسە ناكەین، بۆیەش خەڵك بڕوای بە ئێمەیە، چونكە كە بەڵێن دەدەین، جێبەجێیان دەكەین. 

 

خوشك و برایان :

ئەوەی كە جێی زۆر دڵخۆشییە، هەر لێرەوە دەمەوێ باسێكی تریش بكەم، لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش، هەروەكوو موژدە بێت بۆ ئەو خوشك و برایانەش، ئەوانیش لە ماوەیەكی زوودا دەبن بە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری. ئێمە ویستوومانە دەستی ئاوەدانی بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بگات، ویستوومانە بەبێ فەرق و جیاوازی هەموو كوردستان سوودمەند بێت لەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی كە پارتی داهێنەریەتی، بەڵام پێویستیمان بە پشتیوانیی خەڵكە. لەم سنوورانەی كە خەڵك پشتیوانی پارتی بووە، بەرهەمەكانیش دیارن، داوا دەكەین هەموو كوردستان پشتیوانی پارتی بێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی دەستی پارتی لە هەموو كوردستان بەدەر بكەوێ. 

پارتی ئامادەیە و بەردەوامیش بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنەكان، بەبێ فەرق و جیاوازی، چونكە پارتی هەموو كوردستان بە موڵكی خۆی دەزانێت و خۆیشی بە خزمەتگوزاری هەموو كوردستان دەزانێت. 

ئەوەی زۆر جێی دڵخۆشییە ئەوەیە بەڕێزان، دەبینم ماوەیەكی زۆرە خەڵكێكی زۆری گەنج رووی لە پارتی كردووە، گەنجەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا لایەن راستگۆ بێت، بەڵێنەكان بەجێ بگەیەنێت، لەگەڵ گەنجەكان بتوانێت خۆی بگونجێنێت بۆ داهاتوویەكی گەشتر، بۆ سەقامگیریی زیاتر هەنگاو بنێت، پارتییە. گەنجەكان بەخێربێن بۆ نێو پارتی، راستە پارتی مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، راستە تەمەنی پارتی گەورەیە، بەڵام خوێنی پارتی گەنجە و ئێوە نایەڵن پارتی قەت پیر ببێت، بە خوێنی گەنجی ئێوەی خۆشەویست پارتی هەر بە گەنجی دەمێنێتەوە و هەر روو لە ئاوەدانی و روو لە پێشكەوتن دەكات. 

داوام لە هەموو گەنجانی خۆشەویستە، نەك تەنیا ئێوەی بەڕێز كە لێرەن، داوام لە هەموو گەنجانی كوردستانە كە دەمانبینن، روو لە پارتی بكەن، بەخێربێن بۆ ناو پارتی، پارتی حزبی ئێوەیە، پارتی داهاتووی ئەم وڵاتەیە، پارتی گەرەنتیی سەركەوتنی كوردستانە، پارتی كوردستانە. 

 

خوشك و برایان:

داوام لە هەمووتان هەیە، بە گەنج و پیر و بە خوشكان و دایكان و هەر هەموومان، هەر هەموومان خاوەنی ئەم وڵاتەین، كەسمان زیاد نییە، پێویستیمان بە دەنگی تاك بە تاكی ئێوەیە، یەك بە یەكی ئێوە پێویستن، دەزانم ئێوە لەوانەیە دڵنیا بن لەوەی كە پارتی سەردەكەوێت، ئینشائەڵا سەردەكەوین، بەڵام پێویستە گەورەترین سەركەوتن بەدەست بهێنین، پێویستە هەموو خەڵكێك هێزی پارتی ببینێت، داواتان لێ دەكەم خۆتان لەگەڵ هەموو كەسوكارەكانتان رۆژی دەنگدان بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، با ئێمە تەنیا بە سەركەوتنێكی بچووك رازی نەبین، داوای سەركەوتنی گەورە دەكەین، داوا دەكەین لەسەر ئاستی عێراق پارتی گەورەترین و سەركەوتووترین لیستی ئەم هەڵبژاردنە بێت. 

من زیاتر لە كاتی ئێوە ناگرم، داواتان لێ دەكەم بۆ سەرخستنی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموومان بەڵێن بە یەكتر بدەین كە دەچینە سەر سندووقی دەنگدان و وا دەكەین پارتی سەركەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت. 

هەر بژین، هەر سەركەوتوو بن، كوردستان هەر ئاوەدان بێت، زۆر زۆر بەخێر بێن سەر سەر و سەرچاوان. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment