مەسرور بارزانی: گەنجەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پارتی تاکە حزبە بەڵێنەکان جێبەجێ دەکات

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، گەنجان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پارتی تاکە حزبە بەڵێنەکان جێبەجێ دەکات؛ دەشڵێت، پارتی خوێنی گەنجانە و هەرگیز پیر نابێت، هەر ڕوو لە پێشکەوتن دەکات. هاوکات داواش لە هەموو گەنجان دەکات ڕوو لە پارتی بکەن، چونکە تاکە حزبە خۆی لەگەڵ گەنجان دەگونجێنێت.

دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی لە سۆران گوتی: ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە، دەبینم ماوەیەکی زۆرە، ژمارەیەکی زۆر گەنج ڕوویان لە پارتی کردووە. دەشڵێت: گەنجەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پارتی تەنیا لایەنی ڕاستگۆیە و بەڵێنەکان جێبەجێ دەکات.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی به‌وه‌ش كرد، پارتی تاکە لایەنە لەگەڵ گەنجان بتوانێت خۆی بگونجێنێت بۆ داهاتوویەکی گەشتر، بۆ سەقامگیریی زیاتر هەنگاو بنێت.

مەسرور بارزانی بەو بۆنەیەوە لە کەرنەڤاڵەکەدا بەخێرهاتنی گەنجانی بۆ نێو لیستی پارتی کرد و گوتی: گەنجان بەخێر بێن بۆ نێو پارتی، ڕاستە پارتی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، ڕاستە تەمەنی پارتی گەورەیە، بەڵام خوێنی پارتی گەنجە و ئێوە ڕێگە نادەن هەرگیز پارتی پیر ببێت، بە خوێنی گەنجی ئێوەی خۆشەویست پارتی هەر بە گەنجی دەمێنێتەوە و هەر ڕوو لە ئاوەدانی و ڕوو لە پێشکەوتن دەکات.

جێگری سەرۆکی پارتی داوای لە گەنجانی كوردستان كرد ڕوو لە پارتی بکەن، پارتی حزبی ئێوەیە، پارتی داهاتووی ئەم وڵاتەیە، پارتی گەرەنتیی سەرکەوتنی کوردستانە، پارتی کوردستانە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment