ئێران بە ڕێژەی 60% باجی ڕێگه‌وبانی زیاد کرد

بە بڕیارێکی وەزارەتی ڕێگه‌وبان و شارسازیی ئێران، نرخی باجی هاتوچۆ لە ڕێگه‌وبانەکانی وڵاتەکە به‌ ڕێژه‌ی 60% بەرز کرایەوە و بەرپرسانیش دەڵێن، دەکرا نرخەکەکان بەرزتر بکرێتەوە بەڵام حکوومەت ڕه‌چاوی بارودۆخی هاووڵاتییانی كردووه‌.

 میلاد دۆستی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای دروستکردن و گەشەپێدانی ڕێگه‌ژێرخانەکانی ئێران هەواڵی زیادبوونی نرخی باجی ڕێگه‌وبانەکانی ڕاگەیاندووە و دەڵێت: نرخی باجی هاتوچۆ لە ئۆتۆبانەکاندا بە شێوەیەکی یاسایی بە ڕێژەی 37 تاوه‌كوو 60% بەرزبووه‌ته‌وه‌.

دۆستی ڕایگەیاندووە: تێکڕای نرخی باج لە ئۆتۆبانەکان بە پێی بڕیارە تازەکە بە ڕێژەی 37 تا 43٪ زیاد دەبن، بەڵام لە ژمارەیەک ئۆتۆباندا کە ساڵانی ڕابردوو نرخ زیادی نەکردووە، ڕێژەی زیادکردنی باج دەگاتە 60%.

میلا دۆستی لە بارەی هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوە زۆرە ڕایگەیاند: بە هۆی ئەوەی ساڵانی ڕابردوو وەک پێویست گرنگی بە زیادکردنی نرخی باجەکانی ڕێگه‌وبان نەدراوە، لە چەند ئۆتۆبانێک نرخەکان بەم جۆرە کەڵەکە بوون و ئەم ساڵ ڕێژەی ساڵە فەوتاوەکانیشیان خراوەتە سەر.

پێشتر میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، بە پێی فەرمانێکی نوێی وەزارەتی ڕێگه‌وبان و شارسازی، بەرزکردنەوەی نرخی باجی ئۆتۆبانی تاران بۆ پارێزگاکانی باکوور کە بە شیمالی ئێران ناسراوە لە 26ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نرخە نوێیەکانی باج بەم جۆرە دەبن:

 •ئۆتۆمبێلی تایبەت: 60 هەزار تومەن

•بارهەڵگری بچووک: 85 هەزار تومەن

•مینی‌پاس: 88 هەزار تومەن

•پاس: 99 هەزار تومەن

هەر بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی ڕێگه‌وبان و شارسازی، ئەم نرخانە بۆ ڕۆژانی ئاسایین، لە ڕۆژانی نائاسایی و قەرەباڵغیشدا نرخی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت کە زیاتر هاووڵاتییانی ئاسایی دەگرێتەوە لە هەمان ئۆتۆبان، دەگاتە 85 هەزار تومەن.

پێش ئەم بڕیارە نرخی باج لە ئۆتۆبانەکەدا 49 هەزار و 500 تۆمەن بووە لە ڕۆژانی ئاسایی و لە ڕۆژانی قەرەباڵغیشدا 65 هەزار تومەن بوو، باجی تێپەڕبوون بە تونێلی ئەلبوورزیش کە دەکەوێتە بەشی سێیەمی شەقامەکە پیشتر 39 هەزار بوو، ئێستا لە ڕۆژانی ئاسایی  50 هەزار و لە ڕۆژانی قەرەباڵغ و کۆتایی هەفتەدا 85 هەزار تومەن دەبێت.

لە بەشی چوارەمی ئۆتۆبانەکەش پێشتر 16 هەزار و 500 تومەن باج وەرگیراوە و ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 23 هەزار تومەن.

ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی زۆری خەڵکی لێکەوتووەتەوە، چونکە ئۆتۆبانی تاران-باکوور یەکێکە لە سەرەکیترین ڕێگه‌کانی گواستنەوە و هاتوچۆ لە ئێران، تارانی پایتەخت بە پارێزگاکانی باکوورەوە دەبەستێتەوە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی گەشتیارییە و هاتوچۆیەکی زۆری خەڵک و خێزانە ئێرانییەکانی لەسەرە.

لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیشدا جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای دروستکردن و گەشەپێدانی ڕێگه‌ژێرخانەکانی ئێران گوتی: زیادکردنی نرخی باجەکان دەکرا زۆر لەم ڕێژانە زیاتر بێت، بەڵام حکوومەت و وەزارەتی ڕێگه‌وبان هەوڵیان دا بە ئەندازەیەک بێت کە فشار نەکەوێتە سەر خەڵک.      

 
 
Fly Erbil Advertisment