بە فەرمانی مەسرور بارزانی دەست بە پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەست بە کارەکانی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دەکرێت کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: لە ماوەی هەفتەیەک تاوەکوو 10 ڕۆژی دیکە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان دەست بە کارەکانی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی ڕەش و خۆڵەمێشی هەولێر دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند: پرۆژەکە دووبەشه، بەشی یەکەمی وێستگەی پاڵاوتنە کە کەوتووەتە گوندی عارەبکەند و لەلایەن کۆمپانیای (ئی تو چوی)ـی ژاپۆنی بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی و ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنی جێبەجێ دەکرێت. بەشی دووەمیشی لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی (ئاوزان) بە بڕی 579 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران جێبەجێ دەکرێت کە کارەکانی پێکهاتووە لە دروستکردنی بەشێکی وێستگەی پاڵاوتنەکە و دانانی چەند هێڵێکی سەرەکی پرۆژەکە بۆ گواستنەوەی ئاوی ڕەش و خۆڵەمێشی هەولێر.
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری 205 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و وێستگەکە توانای پاڵاوتنی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی ڕەش و خۆڵەمێشی هەیە لە ڕۆژێکدا. دەشڵێت: بڕیارە لە ئاییندەدا پرۆژەکە فراوان بکرێت و ئاوی ئاوەڕۆی تەواوی هەولێر بۆ پاڵاوتن کۆ بکاتەوە، وەک پلانیشی بۆ دانراوە، ئەم پرۆژەیە تاوەکوو 30 ساڵی دیکە ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دەپاڵێوێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا ژاپۆنییەکە کراوە، بڕیارە بە دوو ساڵ و نیو تەواو بکات و دوو ساڵیش پرۆژەکە بەڕێوە ببات، لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکەش کارەکانیان بە 18 مانگ تەواو بکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، کارەکانی پرۆژەکە بە ستانداردی جیهانی و بە باشترین کوالێتی کارکردن و ئامێر، جێبەجێ دەکرێن.
