باسم قاسم: ئەنجامە باشەكانی هەولێر بەردەوام نابن
باسم قاسم: لە دوای یارییەكەی شورتە هەست بە بێهیوایی دەكەم
باسم قاسم راهێنەری هەولێر گلەیی لە یاریگای راهێنانەکانی یانەکەی دەکات و دەڵێت چۆن دەبێت یانەیەکی وەکو هەولێر یاریگای تایبەت بە راهێنانەکانی نەبێت و دەشڵێت ئەو یاریگایەی لە پارک راهێنانی لێ دەكەین باخچەیە نەک یاریگا، ئەركی منە ئاگادارتان بكەمەوە ناتوانین بەم دۆخە ئەنجامەكانمان باشتر بكەین.
یانەی هەولێر لە گەڕی رابردوو بۆ یەكەمجار لەم وەرزە گەڕایەوە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری و رووبەڕووی شورتە بووەوە و یارییەكەی بە گۆڵێكی بێوەڵام بردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، باسم قاسم لە رێگەی كوردستان24ـەوە نیگەرانی خۆی لە نەبوونی یاریگەیەكی باش بۆ مەشقەكان دەردەبڕێت و دەشڵێت: ئێمەی دەستەی راهێنەران پرۆگرامی خۆمان بۆ راهێنان و پلانەکانمان هەیە کەچی دوو رۆژە راهێنانمان نەکردووە لە سێ یەکەی راهێنان تەنیا یەک راهێنانمان کردووە و ئەمەش کاریگەری لەسەرمان دەبێت.
دەقی قسەكانی باسم قاسم بۆ كوردستان24:
بەرپرسیارەتی پیشەیی و ئەخلاقی وام لێدەکات من بۆیەکەمجار ئەم قسەیە بکەم چونکە ئەمە واجبی منە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخەی لەدوای یاریی شوڕتە بەردەوام بێت ئێمە ناتوانین بەمشێوەیە بەردەوام بین و لەسەر ئەم ئەنجامە باشانەمان بەردەوام بین، چونکە هەمووان دەزانن یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکەوتن ئەوەیە تۆ یاریگات هەبێت، ئێمە سوپاسی کارگێڕی زێرەڤانی و یانەی هەندرێن دەکەین، بەڵام لەدوای یارییەکەی شوڕتە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە راهێنان بکەین، دوو یەکەی راهێنانمان فەوتاوە و تەنیا یەک یەکەی راهێنانمان کردووە ئەویش لە یاریگای خۆمان بووە، چووینە یاریگا بەڵام ئاوی لێ بوو نەمانتوانی راهێنان بکەین، ئەمڕۆش سەیر بکەن یانەیەکی وەکو هەولێر کە پێشەنگی خولە و ئەو ئاهەنگەی هاندەران بەبۆنەی سەرکەوتن گێڕایان لێرە راهێنان دەکات، سەیر بکەن ئەم یاریگایە بۆ راهێنان ناشێت، لەوانەیە بۆ پیاسە و خێزان گونجاو بێت بەڵام بۆ تۆپی پێ نابێت.
ئەرکی منە هەمووان ئاگادار بکەمەوە، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە تەنیا پێش یاریی نەورۆز بێت و دواتر بگۆڕێت من دەڵێم کیشە نییە ئێمە بەرگە دەگرین، ئێمەی دەستەی راهێنەران پرۆگرامی خۆمان بۆ راهێنان و پلانەکانمان هەیە کەچی ئێمە دوو رۆژە راهێنانمان نەکردووە لە سێ یەکەی راهێنان تەنیا یەک راهێنانمان کردووە و ئەمەش کاریگەری لەسەرمان دەبێت.
من هەست بە دوودڵی دەکەم، هیوادارم بەرپرسان گوێیان لێم بێت، رێزم بۆ جەنابی پاریزگار هەیە رێزم بۆ تەواوی بەرپرسان هەیە، بڕوام وایە ئەمە ئەرکی هەموو لایەکمانە واجبی من ئەوەیە هەمووان ئاگادار بکەمەوە، بەڵام دەمەوێت دەنگم بگاتە بەرپرسان، من بەگوێرەی ئەو ئەزموونەی زیاتر لە 30 ساڵە هەمە هەست بە دوودڵی دەکەم، من پەلە ناکەم و بەرگە دەگرم، بەڵام لە ئێستاوە بیرتان دەهێنمەوە، هەست دەکەم داهاتووی هەولێر بەم دۆخەی ئێستای یاریگایەکەی بەردەوام نابێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکان دەبێت و ئەمەش بۆ ئێمە زۆر بێ هیواکارە، هیوادارم بە زووترین کات ئەمە چارەسەر بکرێت، ئێمە هەوڵ دەدەین بەرامبەر نەورۆز ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین، بەڵام دوای بردنەوەکەمان لە شوڕتە هەست بە بێ هیوایی دەکەم، چارەسەرکردنی ئەم دۆخە لە ئەستۆی هەموو لایەکە، ئێمە لەتواناماندا هەیە ئەم بەربەستە تێبپەڕێنین، وەکو بەربەستەکانی دیکە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر داهاتووی یانەکەمان دەبێت، ئێمە دەتوانین بەرگەی نەبوونی پارە بگرین، بەڵام ناکرێت ئێمە شوێن نەبێت راهێنانی لێ بکەین.
