سەرۆک بارزانی: داوا لە وڵاتان دەکەین تاوانەکانی دژی گەلی کورد بە جینۆساید بناسێنن
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی، لە گوتارێکدا لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک؛ ڕایگەیاند "زۆر گرنگ (ئەو تاوانانە) بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن و سوپاسی پەرلەمانی عێراق دەکەین کە ساڵی 2008 ئەو بڕیارەی دا، بەڵام هیچ کارێکی پێ نەکراوە لەلایەن حکوومەتەوە. سوپاسی پەرلەمانی سویدیش دەکەین، کە لە ساڵی 2012، و پەرلەمانی بەریتانیاش لە ساڵی 2013 کە وەکوو جینۆساید ناساندییان. داوا لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا و دەرەوەی جیهانیش دەکەم، ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتەکە کردووە، ئەوانیش ئەو بڕیارە بدەن و بە جینۆساید بیناسێنن. ئەرکێکی زۆر پیرۆزە لەسەر شانی حکوومەتی هەرێم و هەروەها حکوومەتی فیدڕاڵیش کە هاریکار بێت لەم بابەتەدا. لە دەستووری عێراقدا، لە ماددەی 132، فەرز کراوە لەسەر حکوومەت کە پێویستە قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە."
