ناوەندێکی ئەمەریکی: ئێران سەرقاڵی چالاکیی نوێی ئەتۆمییە
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی و نێودەوڵەتی CSIS لە واشنتن، ژمارەیەک وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکانی بڵاو کردووەتەوە کە دەریدەخەن ئێران بە شێوەیەکی فراوان، لە شاخێکی باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ژێرزەمینیە.
دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم 2025، ناوەندە ئەمەریکییەکە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە و هاوپێچ ژمارەیەک وێنەی مانگە دەستکردەکانی لەگەڵدایە، کە نیشانی دەدەن ئێران، بەشێوەیەکی فراوان خەریکی دروستکردنی ژێرزمین و تونێلە لە شاخی "کولەنگ گاز"، لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز. بەمەش گومان لە خێرکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لێ دەکرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وادیارە ئێران بە نیازە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ شوێنێکی بەهێزتر و پارێزراوتر بگوێزێتەوە، کە بۆمبارانکردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ئاسان نەبێت.
ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە لێکگەیشتنی نافەرمیی نێوان واشنتن و تاران دەربارەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و هاوکات گرژییە هەرێمییەکان لە کەنداو و لوبنان و دەریای سوور زیادیان کردووە، ئەمانەش پرسی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێرانیان لە جاران ئاڵۆزتر کردووە.
ئەم هەنگاوەی ئێران، بووتە جێگەی پرسیاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە نیاز و پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران، پسپۆران، لایانوایە، دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورە لە قووڵایی ئەو شاخەدا، گوڕانێکە لە پلانی ئێران لە پرۆژە ئەتۆمییە چاودێری کراوەکەیدا بۆ پرۆژەیەکی پارێزراوی سەخت، کە وا دەکات ئێران بتوانێت چالاکیییە ئەتۆمییەکانی دوور لە چاوی چاودێران یان وێرانکردنی، گەشە پێ بدات.
