فارس میرخان: ئێستا 4200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2025، فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24ـی ڕایگەیاند، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بە گوتەی میرخان، لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا چوار هەزار و 200 مێگاواتە، بەڵام بە گەیشتنی غازی سروشتی، بڕی هەزار و 400 مێگاواتی دیکە دەخرێتە سەر تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان. بەمەش کۆی گشتیی بەرهەمهێنان دەگاتە پێنج هەزار و ٦٠٠ مێگاوات.
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاشکرای کرد، بەشێکی گەورەی ئەم زیادبوونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای سنووری پارێزگای دهۆک تەرخان دەکرێت. گوتیشی: "هەزار مێگاوات لەم کارەبا زیادکراوە بۆ سنووری دهۆکە. پێشتر وێستگەی کارەبای دهۆک بەهۆی کارکردنی بە گازوایل و کێشەی ڤۆڵتییەوە، وەک پێویست سوودی لێوەرنەدەگیرا، بەڵام ئێستا بە گەیشتنی غازی سروشتی، وێستگەکە بە تەواوی دەخرێتەکار و ئەو دەڤەرە چیتر کێشەی کارەبای نامێنێت."
فارس میرخا، جەختیشی کردەوە، بەکارهێنانی غازی سروشتی نەک هەر تێچووی بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە، بەڵکو کارەبایەکی کوالێتی بەرزتریش بەرهەم دەهێنێت.
