قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران دەستیپێکرد

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان وردەکاریی دابەشکردنی قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕاگەیاند.

سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، ساسان عەونی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بووە وەک پاداشتێک بۆ خۆڕاگری فەرمانبەران. 

ساسان عەونی گوتیشی: لەم قۆناغەدا زیاتر لە 5708 پارچە زەوی دابەش دەکرێت، پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی 14 هەزار پارچە زەوی لەخۆدەگرێت، کە بەشێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان و جووتیاران تەرخانکراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر دیزاینێکی جوانی بۆ نەخشەی کەرتەکان ئامادەکردووە و ستانداردێکی بەرزیان لەبەرچاو گرتووە."

باسی لەوەشکرد، "بەهۆی گرنگی و تایبەتمەندی شارۆچکەی عەنکاوە و سنوورداربوونی زەوی تێیدا، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، بڕیاردراوە کە 1279 فەرمانبەری شارۆچکەی عەنکاوە لە شوێنێکی تایبەت و لەگەڵ فەرمانبەرانی هەولێر زەویان پێبدرێت"، دەشڵیت، ئەمە لەپێناو پاراستنی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی عەنکاوە و دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی ئەو شارۆچکەیە دێت.

ساسان عەونی پیرۆزبایی لەو فەرمانبەرانە کرد کە لەم قۆناغەدا زەوییان بەردەکەوێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment