حزبوڵڵای لوبنانی: چەک دانانێین

هۆشداریی زیاتر دەدرێتە لوبنان لەوەی بخزێنرێتە ناو شەڕێکی نوێ کە ڕەنگە زۆر مەترسیدار بێت، ئەمەش بەهۆی حزبوڵڵای لوبنانیەوەیە کە ڕەتیدەکاتەوە چەک دابنێت و پابەندە بە بژاردەی مقاوەمە، هاوکات ئەمەریکا و میسریش هەوڵی ڕێگریکردن لە دۆخەکە دەدەن.

توێژەری سیاسی 'نیزال سەبع' لەوبارەوە گوتی: لوبنان لە لێواری قۆناغێکی گرینگدایە کە دەتوانێت چارەنووسی ئەمنی و سیاسی خۆی بۆ قۆناغەکانی داهاتوودا دیاری بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە حزبوڵڵا بە ڕەتکردنەوەی دانانی چەک ڕووبەڕووی قەیرانێکی خراپ دەبێتەوە، گوتیشی: ڕەنگە حزبوڵڵا هێشتا هەستی بە کاردانەوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر نەکردبێت کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا چۆن گۆڕیوە.

سەبع ڕاشیگەیاند، پارتەکە هێشتا دیلی تێگەیشتنێکی پێشوویەتی بۆ توانا سەربازییەکانی، هەرچەندە ڕاستییەکان ئەوەمان پێ دەڵێت، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، سووریا کەوت کەرتی غەززە وێران بووە و حزبوڵڵاش گورزێکی خراپی بەرکەوتووە.

ئەو توێژەرە باس لە نامەکەی نەعیم قاسم، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵڵا دەکات کە بۆ مۆرگان ئۆرتاگۆس نێردەی ئەمەریکای ناردبوو، کە هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندبوو "ئامادەنین چەک دانێن"، ئەمەش لوبنان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە و دۆخی سیاسیی و ئاسایش و سەقامگیری داهاتووی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.

نیزال سەبع، باس لە هۆشدارییەکانی میسر بۆ لوبنان دەکات و دەڵێت: هێزەکانی ئاسایشی میسر هۆشداریی "زۆر مەترسیدار"یان گەیاندووەتە بەیرووت و پێیان ڕاگەیاندووە، شتێکی گەورە بۆ لوبنان ئامادە دەکرێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی لوبنان بە جددی و واقعیانە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئیسرائیل بکات.

ڕۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مۆرگان ئۆرتاگۆس نێردەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەرکێکی بەپەلە سەردانی بەیرووتی کرد، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە تێکچوونی دۆخەکە یان فراوانکردنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل. هەروەها نوێنەرەکەی ئەمەریکا بەیاوەری ئەفسەرانی ئیسرائیلی سەردانی لەناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانی کردووە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی لوبنان ئاشکرای کردووە، ئۆرتاگۆس وادەیەکی دیاریی کراوی داناوە کە لەهەفتەیەک زیاتر نییە بۆ ئەوەی حزبوڵڵا چەکەکانی دەبنێت، سەرچاوەکە گوتیشی: ئەو ماوەیەی یەکجار کورتە و نەگونجاوە.

دوای چەند مانگێک لە شەڕ، ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و  ئیسرائیل واژۆ کرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو ڕێککەوتنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بوو، کە پێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بێت کە زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو و دەیان سەرکردەی ئەو حزبە کوژران دیارترینیان حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداریی گشتیی حزبوڵڵا بوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment