دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک دەستیپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

میوانانی بەڕێز، ئامادەبووانی بەڕێز، هەمووتان بەخێر بێن، سەرچاوان. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەم  بۆ ڕەخسا لە خزمەتی ئێوەدا بم.

ڕێگەم بدەن بەخێرهاتنی بەڕێزان، برا خۆشەویستەکان بکەم بۆ ئامادەبوونیان لەم کۆنفرانسە گرنگەدا کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمەڵکوژی، جینۆساید لە کوردستان. ئامادەبوونی ئێوە، بەڵگەی بایەخدان و بەشداریکردنتانە لە خەمەکانماندا.

 ئەوەی کەمێک لەمەوبەر بینیمان لە وێنەکان کە ئەم تاوانانە دەخەنەڕوو، دڵ دەهەژێنن. لە خودا داواکارین بەهەشت شوێنی شەهیدان بێت و ئارامی و دڵنەواییش بۆ ئێمە و کەسوکاریان بێت.

قەدەری گەلی کوردستان هەر بە درێژایی مێژوو، هەر ئێش و ئازار و ستەم بووە. بەتایبەتی لە سەدەی ڕابردوو، بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەرنامە بۆ داڕێژراوی جینۆسايدی گەلی کوردستان دەستیپێکرد. لە ساڵانی 1975 تا ساڵی 1980، لە کوردانی فەیلییەوە دەستیپێکرد.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی هەن، بێجگە لە دەرکردنی هەزارەها خێزانی فەیلی کە سەدان ساڵ بوو لە عێراق دەژیان و تاڵانکردنی هەموو سەروەت و سامانیان؛ 12 هەزار گەنجیان کە تەمەنیان لە نێوان 18 تا 30 ساڵیدا بوو، بێسەروشوێن کران. کەس نازانێت هەتا ئەمڕۆش گۆڕەکانیان لە کوێن.

ئەوەی بۆ ئێمە مەعلوم بووە و دەرکەوتووە، ژمارەیەک گەنجی فەیلی و بارزانییەکان بران بۆ عەکاشات و قایم بۆ تاقیکردنەوەی چەکی کیمیایی لەسەریان. پاشان ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی 1983، پاشان ئەنفالی فراوانی سەرتاسەری کوردستان لە ساڵەکانی 1987 و 1988، پاش کیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی و دۆڵی باڵیسان و ناوچەی نێروێ لە ئامێدیێ کە چەندین جار بارەگای پێشمەرگە و بارەگای لقی یەکی پارتی کیمیاباران کران. پاش تەواوبوونی ئەم ئەنفالانە، لە 16ی 3ی 1988 کیمیابارانی هەڵەبجە، کە وەک تەتویج بوو، بۆ ئەو تاوانانەی دەستیان پێکردبوو.

کۆتا جینۆسایدی گەورە کە خوێن لە دڵی مرۆڤ دەڕژێت کە دەیبینێت، جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو لە ساڵی 2014. هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە قۆناغ بە قۆناغ چ زوڵم و ستەمێک لەم میللەتە کراوە. چ قوربانییەکی داوە ئەم میللەتە بۆ ئەو ئازادییەی بەدەستی هێناوە. ئەم تاوانانە هێندە گەورەن لەبیر ناکرێن، هەرگیز لەبیر ناکرێن.

بەڵام وەرە گەورەیی ئەم مللەتە ببینە، خەڵکی کوردستان، لەو ڕۆژەوەی خوای گەورە دەسەڵاتی پێداون، نەچوون بەرەو تۆڵەسەندنەوە. بەتایبەتی کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991، دوو فەیلەقی سوپای عێراق کەوتنە دەستی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و جەماوەر. یەک سەربازی عێراقیش نەکوژرا و ئیهانە نەکرا. هەر ئەو سەربازانە بوون کە 4500 گوندی ئێمەیان تەخت کرد، ئەوانە بوون کە ئەنفالیان کرد. ئەوانە بوون کە هەموو ئەو تاوانانەیان کرد؛ بەڵام ئەو تاوانبارە گەورانە، ئەوانە بوون کە بڕیاری ئەو تاوانانەیان دا.

ئەمڕۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕاستە ئازیزی گەورە و خۆشەویستی زۆرمان لە دەست دان، بەڵام ئەوان، سەربەرزانە چوونە پێش خودای خۆیان و گەیشتنە مەرتەبەی شەهادە؛ بەڵام ئەو تاوانکارانە بە ڕووڕەشی و شەرمەزاری و سەرشۆڕی چوون.

هەرگیز خۆم تەخمینم نەدەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان خودا فورسەتێک بدات کە تۆڵە نەکرێتەوە؛ بەڵام گەلی کوردستان ئەو دەرسەی نیشانی من و هەموو جیهان دا؛ بەداخەوە تا ئێستاش، بەها و نرخی ئەو هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان نەزانراوە.

باسی ئاشتی و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی دەکەن لەم وڵاتە و وڵاتانی تر. ئەوەی لە کوردستان کرا لە هیچ وڵاتێکی تر نەبووە. کام وڵاتی دنیایە حکومەتەکەی میللەتی خۆی کیمیاباران کردبێت، بێجگە لە کوردستان. خەڵکی کوردستان کیمیاباران کرا.

ڕەنگە وڵاتێک لەگەڵ وڵاتێکی تر کیمیایی بەکارهێنابێت؛ بەڵام میللەتی خۆی کیمیاباران نەکردووە؛ بەڵام لە کوردستان وەک ئەو وێنانەی بینیمان، منداڵی شیرەخۆر، دایکی دووگیان، هەمووی شەهیدکران. چ بە کیمیاباران و چ بە گولـلە، شوێنی گولـلەیان لەسەر کەلەسەریان دیارە. چۆن ئەم تاوانانە لەبیر دەکرێن؟

یا گرنگ ئەوەیە ئەم تاوانانە لەبیر نەکرێن؛ بەڵام نەوەی داهاتوو بزانن چی بەسەر باو و باپیرانیان هاتووە. بزانن ئەم ئازادییە بە چ قیمەتێک بەدەست هاتووە. بە منەتی کەس نەبووە و کەس خێری پێ نەکردووین. 

ئەوەی زۆر گرنگترە ئەوەیە کە ئەو تاوانانە دووبارە نەبنەوە. ئەو گەرەنتییانە هەبن، کە جارێکی تر ئەو تاوانانە نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی تر دووبارە نەبنەوە. چۆن دەبێت خەڵکی بێ تاوان بەو شێوەیە بە خوێنی سارد شەهید بکرێن وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. 

ئەمە ڕاستییەکی نیشان دا، کە کاتێک گەلێک ئیرادەی هەبێت و خۆڕاگر بێت، سەرکەوتن هەمیشە بەشی ئەو گەلە دەبێت. هەرگیز لە مێژوودا نەبووە دیکتاتۆرێک سەربکەوێت. هەموو دیکتاتۆرەکان سەرشۆڕ بوون و ڕۆیشتوون. وەک ئەوەی دەزانم، ژمارەیەک تاقانەی ئەنفال لێرە ئامادەن لەگەڵمان لە نێو هۆڵەکە. من بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکەم، وشەی تاقانە خۆش نییە، بەڵام ئێوە تاقانە نین، ئێوە سیمبولی بەرخۆدان و شەرەفی ئەو گەلەن. ئێوە ئازیزانی هەموو ماڵێکی کورد و کوردستانن، ئێوە خۆشەویستی هەموو خاوەن ویژدانێکن لە سەرانسەری جیهان. هەموو کەسێک کەسی ئێوەیە و ئێوە کەسی هەموومانن. 

من دەزانم، زۆر باش هەست بەوە دەکەم کە ئێوە چ ئێش و ئازارێکتان کێشاوە، دایکەکانتان چەند زەحمەتیان بە ئێوەوە بردووە؛ بەڵام ئەمانە هەمووی مایەی شانازییە بۆ ئێوە و بۆ ئێمەش، و ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ، چ لەسەر حکوومەتی هەرێم و چ لەسەر حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە. 

قەرەبوو بەو مانایە نییە کە تۆڵەی خوێنیان دەکرێتەوە و مافیان دەدرێتەوە. ئەو خوێنەی ڕێژرا، هیچ سامانێکی جیهان بەهای ئەو خوێنە نییە کە ڕژاوە، بەڵام شتێکی مەعنەوییە، شتێکی ڕەمزییە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێگەی خۆی بگرێت. نابێت ئەو تاوانانە بە سادەیی تێپەڕێن و کەس حیسابی بۆ نەکات. تاوانێکی زۆر گەورە ئەنجامدراوە، و قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵییە، چونکە ئەوان میراتگری ئەو حکوومەتەن کە ئەو تاوانەی کردووە. واجبە لەسەریان، نابێت خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بدزنەوە و ئەرکی حکومەتی هەرێمیشە بەردەوام بێت لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم بابەتە. 

زۆر گرنگ (ئەو تاوانانە) بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن و سوپاسی پەرلەمانی عێراق دەکەین کە ساڵی 2008 ئەو بڕیارەی دا، بەڵام هیچ کارێکی پێ نەکراوە لەلایەن حکوومەتەوە. سوپاسی پەرلەمانی سویدیش دەکەین، کە لە ساڵی 2012، و پەرلەمانی بەریتانیاش لە ساڵی 2013 کە وەکوو جینۆساید ناساندییان.

 داوا لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا و دەرەوەی جیهانیش دەکەم، ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتەکە کردووە، ئەوانیش ئەو بڕیارە بدەن و بە جینۆساید بیناسێنن. ئەرکێکی زۆر پیرۆزە لەسەر شانی حکوومەتی هەرێم و هەروەها حکوومەتی فیدڕاڵیش کە هاریکار بێت لەم بابەتەدا. لە دەستووری عێراقدا، لە ماددەی 132، فەرز کراوە لەسەر حکوومەت کە پێویستە قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە.

هیوادارم لە دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بارودۆخێکی سەلامەتتر و تەندروستتر بێتە پێشەوە، بارودۆخێک بێتە پێشەوە، ئەو دەستوورەی ئێستا هەیە، ناوبژیوان بێت، لە نێوان هەولێر و بەغدا و لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەتیش. ئەگەر، دەستوور ناوبژیوان بێت هیچ کێشەیەکمان نابێت، بەڵام ئەگەر میزاجی شەخسی بڕیاردەر بێت، کێشەکانمان بەردەوام دەبن و گەورەتریش دەبن." 

بەداخەوە، بەڵام تا ئێستاش هەندێک کەس ماون، لە ژێر کاریگەریی ئەو فەرهەنگەدان کە ئەنفالیان ئەنجام داوە. نابێت ئەم فەرهەنگە لە عێراقدا بمێنێت.

دەمەوێت سوپاسێکی بێ پایان ئاراستەی خەڵکی پارێزگای موسەننا بکەم، کە زۆر هاوکار بوون لەگەڵ تیمەکەمان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. خودا خێرتان بنووسێت و چاکەی ئێوەمان لەبیر ناچێت.  لێرەدا دەمەوێت سوپاسی حکوومەتی هەرێم و هەموو ئەو دەزگا پەیوەندیدارانە بکەم بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دراون و پێویستە زیاتریش بکرێن. بە تایبەتی سوپاسی پرۆفیسۆر دکتۆر یاسین دەکەم، بۆ ئەو ڕۆڵەی کە بینیویەتی، چ لە ناساندنی تاوانەکان و چ لە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی ڕوفاتەکان، و ئەم بەڵێنیش بە هەموو ئازیزانمان دەدەین، تا دوا هەناسە هەوڵ دەدەین یەک ئێسکی شەهیدەکانمان نەمێنێتەوە کە نەدۆزرێتەوە و نەگەڕێنینەوە.

لە کۆتاییدا، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و جارێکی تر سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان، بەخێربێن سەرچاوان. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment