سەگێک ژنێکی ئەمەریکی لە بێ هۆشی بەئاگاهێنایەوە
لە ڕووداوێکدا کە پزیشکەکان بە "موعجیزە" وەسفی دەکەن، سەگێکی چارەسەرکەر بووە هۆی بەئاگاهاتنەوەی ژنێکی ئەمەریکی لە بێ هۆشی چەند هەفتەیی، دوای ئەوەی هیوا بۆ ژیانەوەی زۆر کەم ببوونەوە.
چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکرد پریسیلا تیمۆنزی تەمەن 39 ساڵ، لە 13ـی ئاداردا تووشی گرفتێکی تەندروستیی مەترسیدار بوو. بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی سییەکانیەوە (pulmonary embolism)، سێ جار لەسەریەک تووشی جەڵتەی دڵ بوو و زۆربەی ئەندامەکانی جەستەی لەکارکەوتن.
بە گوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەی میمۆریال وێست لە ویلایەتی فلۆریدا، ئەگەری مانەوەی پریسیلا لە ژیاندا لە 10٪ کەمتر بوو. دکتۆر دانیال مێیەر، سەرۆکی یەکەی چاودێریی چڕ، ڕایگەیاند: "دڵی بۆ ماوەی 40 خولەک بە تەواوی وەستا، بەڵام تیمەکەمان کۆڵیان نەدا و توانیمان بیگەڕێنینەوە."
دوای جێگیربوونی بارودۆخی، پریسیلا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک خرایە بێ هۆشییەکی دەستکردەوە تا جەستەی بحەوێتەوە.
ئەوەی کەس چاوەڕێی نەدەکرد ئەوە بوو کە سەگێک ببێتە کلیلی گەڕانەوەی بۆ ژیان. لە یەکێک لە سەردانەکاندا، تیمی پزیشکی بڕیاریان دا سەگێکی چارەسەرکەر بە ناوی "سکرەنچی" لە پریسیلا نزیک بکەنەوە. چارەسەرکەرەکە پارچە خواردنێکی بچووکی لە نزیک دەستی پریسیلا دانا. سەگەکە دەستی کرد بە بۆنکردن و بە لوتی پاڵی بە دەستییەوە نا، پاشان وەک نیشانەی خۆشەویستی، دەستی نەخۆشەکەی لێسایەوە.
لەو ساتەدا، موعجیزەکە ڕوویدا، پەنجەکانی پریسیلا دەستیان بە جووڵە کرد و دەستی وردە وردە بەرزبووەوە.
دوای بەئاگاهاتنەوەی، پریسیلا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "گوێم لە دەنگەکانی دەوروبەرم بوو، بەڵام نەمدەتوانی بجووڵێم. کاتێک هەستم بە دەستلێدانی سەگەکە کرد، زانیم کە بە تەنیا نیم. ئەو دەستلێدانە هێڵی ژیان بوو بۆ من."
پریسیلا دوای چاکبوونەوەی گەڕایەوە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی سوپاسی تیمی پزیشکی و "سکرەنچی" بکات، کە ئێستا لەنێو نەخۆشخانەکەدا بووەتە هێمای هیوا.
