سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی گەیاندنی بۆڕی گازی سروشتی (هەولێر-دهۆک)ـی کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پڕۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆڕی گازی سروشتی لە هەولێرەوە بۆ دهۆک، لە شاری دهۆک کردەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە گەیاندنی گازی سروشتییه بۆ وێستگەی کارەبای هەزار مێگاواتی کواشێ لە قەزای سێمێل و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی وزەی جێگرەوە و خاوێن بۆ دەڤەرەکە، هاوکات گهیاندنی بۆریی بۆ وێستگهكه بە درێژایی 198 کیلۆمەتر بە بڕی 591 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کارەوە، جێبەجێ کراوە.
هەروەها وێستگەی کارەبای گازی کواشێی، پرۆژەیەکی گرنگی کەرتی بەرهەمهێنانی وزەیە لە هەرێمی کوردستان بە توانای بهرههمێنانی 1000 مێگاوات کارەبا، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای "ماس گروپ هۆڵدینگ"، بە گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی (Build, Own, Operate) جێبەجێ دەکرێت.
