خەمیس خەنجەر: گەلی کورد بەسەر هەموو ئازارەکاندا زاڵ بووە

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک دەستیپێکرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە کۆنفرانسەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بینیم زۆر ئازاری دام، هەستم بەوە کرد پێویستە زۆر لە ئەنفالەوە فێربین، کە لەو کۆمەڵکوژیەی بەرامبەر گەلی کورد کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستپێکی ئەوەی کە فێربووین، شۆڕشەکان باوەڕیان بە دۆزی ڕەوا بۆ ئازادی هەبووە، باوەڕیان بە سەرکوتکردن و کوشتن کۆمەڵکوژی نەبووە، گەلە زیندووەکان ئەوانەن کە بەسەر هەموو ئازارەکان سەردەکەون، ئەوەش ئەوەیە کە گەلی کورد کردوویەتی.

باسی لەوەشکرد، نابێت وڵاتان بەردەوام بن لە ستەمکاریی و سەرکوتکردن و دەستدرێژیکردنە سەر گەلی خۆیان، وەکو دەگوترێت دادگەریی بناغەی دەسەڵاتە، وڵاتان بە دادپەروەری و لیبوردەیی و دادگەریی دەمێننەوە.

راشیگەیاند، ئەوەی ئێستا لەگەلی کورد فێریبووم، ئەو گەلە مەزنە هیچ هەستی تۆڵە سەندنەوەی نەبووە، بەڵکو گەلێکی لێبوردە بووە و ئەو ئازارانەی لە پێناو ژیان کردووەتە قوربانی، خودا ئەو گەلە بەرەکەتدار بکات.

خەمیس خەنجەر گوتیشی: فەرموودەیەکی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، هەیە، دەفەرموێ (إذا صلح الراعي صلحت الرعية) واتە ئەگەر سەرکردە چاک بوو، خەڵکەکەی چاک دەبێت، ئەوەش لە سەرۆک بارزانی دا هەیە، ئینشائەڵڵا هەمووان چاک دەبن.

 
 
Fly Erbil Advertisment