ئێران پێشنیازی دراوێکی هاوبەشی ناوچەیی دەکات

 مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پێشنیازی دروستکردنی "دراوێکی هاوبەشی ناوچەیی" کرد بە ئامانجی پتەوکردنی بازرگانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتیانەی ئابووریی وڵاتەکەی پەکخستووە.

پزیشکیان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی تاجیکستان لە تاران، ڕایگەیاند: "دەتوانرێت دراوێکی هاوبەش لە ناوچەکەدا پێکبهێنرێت بۆ برەودان بە گەشەی ئابووری."
گوتیشی، بەهۆی ئەو پەیوەندییە ئایینی و کولتووریانەی کە وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە دەبەستێتەوە، دەتوانرێت زەمینەیەکی لەبار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان بڕەخسێنرێت.

ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە ئێران بەدەست گەمارۆ نێودەوڵەتییە قورسەکانەوە گرفتارە، بەتایبەتی ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە بەسەریدا سەپاندووە. ئەم سزایانە بوونەتە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی دارایی و بازرگانیی تاران لەگەڵ جیهاندا و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهای ڕیاڵی ئێرانی هەبووە، کە بووەتە هۆی هەڵاوسانێکی بەرز.

پێشنیازەکەی پزیشکیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری (ئیکۆ)دایە، کە لە ساڵی 1985 بە دەستپێشخەریی ئێران، پاکستان و تورکیا دامەزراوە. ئەمڕۆ ڕێکخراوەکە 10 ئەندامی هەیە، کە جگە لە ئەفغانستان و ئازەربایجان، پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستیش لەخۆدەگرێت و کۆی دانیشتووانیان 550 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، پەرلەمانی ئێران دەنگی لەسەر پرۆژە یاسایەک بۆ لابردنی چوار سفر لە دراو دا، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتاران تاوتوێی تێبینییەکانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووریان لەسەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای دراو و بانکی ناوەندیی کرد، دەنگیان بە پرۆژە یاساکە دا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە کۆی 262 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 144 ئەندام دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە داوە، هەروەها 108 پەرلەمانتار دژی ئەو پرۆژە یاسایە بوون، سێ ئەندامیش دەنگیان نەداوە.

جگە لەوەش بەپێی هەموارکردنی نوێ دراوی فەرمی وڵات لە بری ڕیال دەبێتە تومەن، کە هەر تومەنێک یەکسان دەبێت بە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا.

حکوومەتی ئێران پێی وایە ئەم هەنگاوە هاوسەنگی ڕێژەیی بۆ مامەڵە بازرگانییەکان دەگەڕێنێتەوە و متمانە بە دراوی ناوخۆیی زیاتر دەکات.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment