لاوازیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە
خولی پێنجهمی پهرلهمانی عێراق، بە لاوازترین و خراپترین خولی پەرلەمان لە مێژووی سیاسیی عێراقدا ناودهبرێت.
ڕۆژنامەی "عەرەبی جەدید"، بە پشتبهستن به چهندین سهرچاوهی سیاسی و یاسایی، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، ئەم خولە شکستی هێناوە و لاوازییهکهی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، لە کۆی 256 دانیشتنی پێویست، تەنیا 140 دانیشتن بەڕێوەچوون. هیچ دانیشتنێکیش لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە. سەبارەت بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، لە کۆی 329 پەرلەمانتار، تێکڕای ئامادەبوون لە هەر دانیشتنێکدا تەنیا 173 پەرلەمانتار بووە.
ڕاپۆرتەکە باس لە لابردنی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، بە تۆمەتی گەندەڵی دەکات و دەستبەکاربوونی مەحموود مەشهەدانی لە شوێنی ئەو. مەشهەدانیش وەک کەسێکی بێتوانا لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان وەسف کراوە.
شکستی یاسادانان:
لە ئاستی یاسادانان، خولی پێنجهم بە خاڵی لاواز دانراوە. یاسا گرنگەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتیان پەکخراون:
- یاسای حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە.
- یاسای نەوت و گاز هێشتا دەنگی لەسەر نەدراوە.
- یاسای پێوەری مووچەکان دەرنەکراوە.
- یاسای باری کەسی پەسەند کرا، بەڵام بووە جێگەی ناڕەزایەتییەکی فراوان.
لاوازی لە ڕۆڵی چاودێریکردندا:
پەرلەمان لە ڕۆڵی چاودێریکردنیشیدا لاواز بووە. هەشت پرۆسەی لێپرسینەوەی جۆری تەواو نەکراون. سەرەڕای ئامادەنەبوونی زۆری پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان، هیچ کام لەوان سزا نەدراون، لە کاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو پەرلەمانتارانەی، لە سێیەکی دانیشتنەکاندا ئامادە نابن، پێویستە لە کاری پەرلەمانتاری دوور بخرێنەوە.
کاریگەری هێزە سیاسییەکان:
کاریگەری هێزە سیاسییەکان لەسەر کاری پەرلەمان وەک لایەنێکی دیکەی لاوازی خولی پێنجهم باس کراوە. حیزبە گەورەکان بە ئەنقەست دانیشتنەکانیان پەکخستووە و ناکۆکی سیاسی کاریگەری خراپی لەسەر کاری یاسادانان و چاودێریکردن هەبووە.
کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان:
شکستەکانی پەرلەمان کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتییان هەبووە، بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە پەرلەمان و سستبوون و پاشەکشە لە ئەدا و پڕۆگرامەکانی حکوومەت. پرسیاری بێ وەڵام ئەوەیە ئایا عێراقییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانن پەرلەمانێک هەڵبژێرن بەڕاستی خزمەتیان بکات یاخود نا، وەڵامەکەی دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن.
