دانیشتووانی بەغدا بەهۆی گەندەڵییەوە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن

سەرەڕای داهاتی ساڵانەی زیاتر لە 72 ملیار دۆلاری نەوت، بەشێک لە دانیشتووانی بەغدای پایتەخت لەنێو خراپیی خزمەتگوزاری، هەژاری و پڕۆژە نیوەچڵەکاندا دەژین. ئەم دۆخە وایکردووە کە متمانەیان بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەمێنێت و بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بدەن.

لەسەر شەقامێکی سەرەکیی بەغدا، پڕۆژەیەکی فراوانکردن کە دوو ساڵە دەستیپێکردووە، بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە. هێشتا یەکەم بارانی پاییز نەباریوە، بەڵام قوڕ و لیتە سیمایەکی ناشرینی بەم شوێنە بەخشیوە.

ئەحمەد عامری، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "تەماشای حاڵمان بکە! تکایە ئەمە دیمەنی دەروازەی بەغدایە؟ با بەرپرسێک بێت و ئەم دۆخە ببینێت. دەروازەی پایتەخت بووە بە زبڵخانە!"

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین نەکراون و ڕێژەی هەژاری لە ئاستێکی بەرزدایە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی هەژاری لە عێراق 14٪ـە، بەڵام لەم گەڕەکانەدا دۆخەکە زۆر خراپترە.

سەجاد حوسێن، هاووڵاتی دەڵێت: "سوێند بەخوا شەش کەس بەخێو دەکەم. کرێی خانوو، پارەی مۆلیدە و کرێی هاتوچۆی منداڵەکانم لەسەرە. نازانین ڕوو لە کوێ بکەین. با پاسپۆرتمان بدەنێ و پێمان بڵێن بڕۆن، بەخوا ئەم وڵاتە جێدەهێڵین."

خۆپیشاندان، فشار و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، هیچی لە دۆخی ئەم هاووڵاتیانە نەگۆڕیوە. بۆیە ئێستا بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە و بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن.

لای خۆیەوە ساڵح عەلی، هاووڵاتی دەڵێت: "ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین، چونکە هیچمان لەم حزبانە نەبینیوە. لە کرێچیدام، مانگانە ٤٠٠ هەزار دینارم تەنها بۆ کرێ و ئاو و کارەبا دەڕوات، ژیان بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت."

سەرەڕای ئەوەی بودجەی ساڵی ڕابردووی عێراق 211 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام ئەم بودجە زەبەلاحانە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر ژیانی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی وڵات نەبووە.

عەلی مەهدی، هاووڵاتی گوتی: "حکوومەت ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بۆ بەسەر ٤٠ ملیۆن هاووڵاتیدا دابەشی ناکات؟ بەرپرسەکان هەموویان موڵکیان لە دەرەوە کڕیوە و خەڵکیش لە برسا لەسەر شەقامەکان دەخەوێت."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment