فلیك لەگەڵ بارسێلۆنا تووشی كارەسات بوو
ساڵی یەكەمی لەگەڵ بارسێلۆنا خەیاڵی بوو بەڵام لە ساڵی دووەم بەرەو پاشەكشە رۆیشتووە
هانزی فلیك، راھێنەری ئەڵمانیا، وەرزی یەكەمی لەگەڵ بارسێلۆنا بەشێوەیەكی خەیاڵی دەركەوت و 3 نازناوی لالیگا، جامی شا و سووپەری ئیسپانیای بردەوە، بەڵام لە وەرزی دووەمی تووشی پاشەكشە و بەربەستێكی زۆر بووەتەوە.
راپۆرتێكی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا هۆكاری نەهامەتییەكانی ئەم وەرزەی فلیك لەگەڵ بارسێلۆنا لە شەش خاڵ كۆ دەكاتەووە.
1ـ دواکەوتنی یاریگا:
دووركەوتنەوەی بارسێلۆنا لە یاریگەی كامپ نوو یەكێك بوو لە دۆخە نەرێنییەكان كە بەسەر روحیەتی یاریزانانی بارسێلۆنا دا هات، سەرەتا بریاربوو پێش مانگی ئەیلوول، بارسێلۆنا بگەڕێتەوە یاریگەكەی، بڕیار بوو بارسا یەكەمین یاریی لە جامی خوان لە كامپ نوو بكات دوای نۆژەنكرانەوەی، بەڵام یارییەكە تەواو نەكرا، ئێستا ئاماژەكان بۆ ئەوەن مانگی داهاتوو بارسێلۆنا بگەڕێتەوە كامپ نوو، ئەم دواكەوتنەش رەخنە و گلەییەكی زۆری لە نێو هاندەرانی بارسێلۆنا بەدوای خۆیدا هێنا.
2ـ گێژاوی بازاڕی گواستنەوە (فێرمین و کاسادۆ):
لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوو ناوی فیرمین لۆپێز و کاسادۆ لە بازاڕی گواستنەوە گەرم بوو، ناڕوونی و نادڵنیایی لەبارەی ئەو دوو یاریزانە تا دوایین رۆژی گواستنەوەی یاریزانان بەردەوام بوو، بەتایبەتی بابەتی فیرمین، جۆرێك لە ناسەقامگیری لەنێو ژووری جلگۆڕینەکەدا دروستکرد.
3ـ ڕۆشتنی لەناکاوی ئینیگۆ مارتینێز:
هانزی فلیک، ئینیگۆی بە پێشەنگی بەرگری و توخمێکی سەرەکی بۆ بنیاتنانەوەی هێرشەكان دانا بوو، بۆیە ڕۆیشتنی وەک گورزێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ راهێنەرە ئەڵمانییەكە، دوای رۆیشتنی ئەو یاریزانە بۆ نەسری سعوودیە، فلیك ناچار بوو پەنا بباتە بەر تاقیكردنەوە و چارەسەری جیاواز، بەڵام تا ئەم كاتە نەیتوانیوە لە دوای رۆیشتنی ئینیگۆ، هاوناسەنگی بۆ هێڵی بەرگری بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە>
4ـ ئاژاوە و ناكۆكی لە گەشتی هاوینەی یانەكە:
لە كاتی ئامادەكارییەكانی بارسێلۆنا بۆ گەشتی هاوینە و یارییە دۆستانەكان ناكۆكی زۆر لەگەڵ كۆمپانیای رێكخەری گشتەكە روویدا، فلیك ناڕەزایی دەربڕی و حەزی لەو جۆرە گەشتە بازرگانییە درێژانە نییە، بەوپێیەی بارسێلۆنا ئامادەكارییەكانی بردە كۆریای باشوور و ژاپۆن، ئەمەش بە دڵی فلیك نەبوو، پێیوابوو یاریزانەكان هیلاك دەكات و هیچ سوودێكی بۆ ئامادەكارییەكان نابێت
5ـ شەپۆلی پێكانی بە كۆمەڵی یاریزانان:
هانزی فلیك لە دەستپێكی ئەم وەرزە بە كۆمەڵ یاریزانەكانی تووشی پێكان دەبوون، هەریەكەیان زیاتر لە جارێك پێكانەكانیان سەری هەڵدەدایەوە، دیارترینیان: گاڤی بۆ پێنج مانگ، فێرمین، لیڤاندۆڤسكی، ئۆڵمۆ و باڵدێ، جگە لە هەردوو گۆڵپارێزی یانەكە تێر شتیگن و خوان گارسیا كە ئێستا بەهۆی پێكانەوە دوورخراونەتەوە.
6ـ كێشەكانی ژووری جلگۆڕین:
سەرەڕای هەموو ئەو كێشە و بەربەستانەی سەرەوە، بەڵام هەندێك رەفتاری خۆپەرستی لەنێو تیپەكەدا هەستی پێدەكرا، بەتایبەتی لە دوای یارییەكەی رایۆ ڤاییكانۆ، ئەم حاڵەتانە وایكرد هانزی فلیك چەند جارێك لە ژووری جلگۆڕین دەنگی بەسەر یاریزانەكاندا بەرز بكاتەوە و بە توندی یاریزانەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە ناتوانن بەخۆپەرستی و تاكەكەسی یانەكە بەرەو سەركەوتن ببەن.
