سەفین دزەیی: حکوومەتی هەرێم پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دهرهوهی حکوومەتی هەرێم، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بە گرنگ و مێژوویی دەزانێت.
چوارشهممه، 29ـی تشرینی یهكهمی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی تورکیا کە لەلایەن کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، ڕێک خرابوو، لە گوتارێکدا گوتی: حکوومەتی هەرێم و هەموو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کورستان، پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەکەن. بە تایبەتیش جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، سەرکەوتنی پرۆسەکەیان بەلاوە گرنگە و هیواخوازن پرۆسەکە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و گەڕانەوەی سەقامگیری، لێبوردەیی وپێکەوەژیان بۆ خەڵکی تورکیا.
سهفین دزەیی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گوتی: هەڵمەتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئاسایی و دوور لە توندوتیژیی بەردەوامە. ئێمە هیوادارین هەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو بێت و بە زووترین كات حکوومەتی داهاتووی عێراق پێک بهێنرێت. حکوومەتێک کە پابەندی دەستوور بێت و لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت. هەروهها پابەندی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بێت بەرانبەر بە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەرێم و تورکیا زۆر باشە و پێشکەوتنی بەرچاو لە گشت بوارەکاندا بە خۆیەوە دەبینێت، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای تورکی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، جگە لەوەش پەیوەندیی قووڵی کولتووریمان لە نێواندا هەیە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە هەر بەردەوام بێت.
