ڕافایل گرۆسی: چالاکیی نوێ لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدی دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وا دەرناکەوێت ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بەم دواییانە جووڵەی نوێی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا بەدی کردووە.

چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانن بە تەواوی دەستیان بە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بگات، بەڵام پشکنەران لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە هیچ چالاکییەکیان نەبینیوە کە ئاماژە بە خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بەراورد بە جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلەوە کرابێت.

گرۆسی گوتیشی: هێشتا ئێران ڕێژەی 60% پیتێنراوی ئێرانی ماوە. دەشڵێت: ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین؛ هاوکات دەبێت چاودێرەکانمان بگەڕێنەوە نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە ئەو ماددەیە بۆ هیچ مەبەستی دیکە بەکار نەهاتووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەوەشی خستە ڕوو، ئاژانسەکە بۆ چاودێریکردنی کۆگا و وێستگەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ناچاری پشت بە وێنەکانی مانگی دەستکرد دەبەستن، هەر لە ڕێگەی ئەو وێنانەوە پشکنەرەکانیان هەستیان بە چەند جموجۆڵێک لە دەوروبەری ئەو شوێنانەدا کردووە.

گرۆسی دووپاتیشی کردەوە، ئێستا ئێران ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، لە قاهیرە، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ڕافائیل گرۆسی بە سەرپەرشتی بەدر عەبدول عەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانیزمی کارکردن لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباك)ـیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنەلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment