سبەی مەسرور بارزانی یەکەم درەختی پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر دەچێنێت
سبەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم درەختی پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر دەچێنێت. لە ماستەرپلانی هەولێردا، پشتێنەی سەوز یەکێک بووە لە پرۆژە گرنگەکانی پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، ڕێژەی سەوزایی شارەکە بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.
سبەی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاتژمێر 10ـی بەیانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم درەختی پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر دەچێنێت.
دوای چاندنی یەکەم درەختی پرۆژەکە لە لایەن مەسرور بارزانییەوە، هەر لە هەمان ڕۆژ سێ هەزار درەختی دیکە لە شوێنەکەدا دەچێنرێن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان، درێژەی بە کاروانی ئاوەدانیی کوردستان داوە، ڕۆژانە پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی دەکاتەوە، ئەمەش وای کردووە هاووڵاتییان و كوردستانیان ڕۆژانە بە پەرۆشەوە چاوەڕێ بن و بڵێن ئایا دەبێت سبەی سەرۆکی حکوومەی چ پرۆژەیەک بکاتەوە؟
'دیسان سبەی' بووەتە ترێندی سۆشیال میدیا، هەمیشە لە پەیجی کوردستان24 لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، هاووڵاتییان و كوردستانیان لە کۆمێنت دەنووسن؛ "سبەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کام شار و ناوچەی کوردستانە و چ پرۆژەیەک دەکاتەوە؟"
کردنەوەی پرۆژەکان لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێژەکەی ئەوەندە زۆر بووە، تا وای لێهاتووە نەخشەی گووگڵ (Google Map) فریا ناکەوێت شوێنەکانی بناسێنێت و لەسەر نەخشەی هەرێمەکە دیارییان بکات، بۆیە دەگوترێت: "پرۆژەکانی مەسرور بارزانی (Google Map)ـی تووشی سەرسوڕمان کردووە."
پرۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر
لە پێشتێنەی سەوزی هەولێر بە پانی دوو کیلۆمەتر و درێژی 83 کیلۆمتەر، دار دەچێندرێن. پشتێنەکە لە هەشت زۆن پێکهاتووە، ئێستا کار لە زۆنی یەک، دوو و هەشت دەکرێت.
لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن. بە گشتیی حەوت ملیۆن دار لە پشتێنەی سەوزی هەولێردا دەچێنرێن.
قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کەوتووەتە سنووری بەحرکە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی گەورەی هەبێت. ئەم پرۆژەیە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پاکترکردنی ژینگەی هەرێم، لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندان ڕێکار بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە گیرانەبەر و چەندان پرۆژەش جێبەجێ کران، لەوانەش پرۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان.
لە ماستەر پلانی هەولێریشدا، پشتێنەی سەوز یەکێک بووە لە پرۆژە گرنگەکانی پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە. بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، ڕێژەی سەوزایی شارەکە بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.
زۆنی یەکەمی پڕۆژەکە لە شەش قۆناغی سەرەکی پێک دێت:
-دەستنیشانکردنی سنوور
-سیمکردن (سیاجکردن)
-پاککردنەوەی زەوی
-ئامادەکردنی خاک
-دانانی سیستەمی ئاودێری زیرەک
-چاندنی نەمام
