دابەشکردنی زەوی فه‌رمانبه‌ران له‌ شارەوانییەکانی دارەتوو و بنەسڵاوە و کەسنەزان لە قۆناغی کۆتایدایە

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت: ھەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکە تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییه‌كانی دارەتوو، بنەسڵاوە و کەسنەزان دەکرێت و، زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی دارەتوو، بنەسڵاوە و کەسنەزان لە قۆناغی کۆتایدایە. 

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، فۆرمی فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە وردبینیان بۆ کراوە و تەنیا زەوی ماوە دابین بکرێت، هەروەها ھەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکە تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی ئەو شاره‌وانییانه‌ دەکرێت.

سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار و 500 فەرمانبەری شاری هەولێر ڕاگەیەندرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتوبووی: بە ناوی فەرمانبەرانەوە سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەم بڕیارەی دابەشكردنی زەوی و بە دڵنیایییەوە فەرمانبەران زۆر بە باشی لێی سوودمەند دەبن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment