ڕێباز حەملان: به فهرمانی مهسرور بارزانی فشارمان خستووهته سهر بهغدا تاوهكوو مووچهی مانگی 9 بنێرێت
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئابووریی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم فشارێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی پابەندی و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؛ دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی نۆ (ئەیلوول) بدرێت.
چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ كاروباری ئابووری بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان، فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر حکوومەتی فیدراڵی، کە دەبێت عێراق پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات.
یاریدەدەری سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، بابەتی ناردنی 120 ملیار دینارەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەستراوەتەوە بە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە. دەشڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق پێش هەڵبژاردن، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، مووچەی مانگی ئەیلوول بنێرێت.
ڕێباز حەملان جەختیشی لەوە کردەوە، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بدرێت، "تاوەکوو ئێمەش 120 ملیار دینارەکەمان بخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق."
