ئێران؛ پێوەرە ئابوورییە نەگونجاوەکان هەڕەشە لە گوزەرانی خەڵک دەکەن
لە کاتێکدا تێچووی بژێویی خێزانێکی تارانی گەیشتووەتە زیاتر لە 40 ملیۆن تومەنی مانگانە، دیاریکردنی داهاتی 30 ملیۆن تومەن وەک پێوەرێک بۆ سڕینەوەی یارانە (پاڵپشتی دارایی حکوومەت)، نیشانەی نەگونجاوی بڕیارە ئابوورییەکانی حکوومەتە لەگەڵ ڕاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا.
چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' لە ڕاپۆرتێکدا، نووسیویەتی "لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد مەیدەری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەربارەی ئەوەی 'هەر خێزانێک لە تاران خاوەنی خانووی خۆی بێت و کۆی داهاتی مانگانەی 30 ملیۆن تومەن بێت، بە بەشێک لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت.' کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو ڕای گشتی و شارەزایانی ئابووریی کۆمەڵایەتیدا لێ کەوتووەتەوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، جەختی لەوە کردووەتەوە "سڕینەوەی یارانەی ئەم کەسانە، لەسەر بنەمای ژمێریاریی ورد کراوە." بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا پێوەرێکی لەم شێوەیە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی واقیعی ئابووریی ئێرانە؟ ئایا داهاتی 30 ملیۆن تومەنی مانگانە، لەم بارودۆخەی ئێستای هەڵاوساندا، دەتوانێت وەک سنووری خۆشگوزەرانی هەژمار بکرێت یان تەنها ئاستی گوزەرانی "مەمرەومەژی"ی هاووڵاتیان نیشان دەدات؟
خەمڵاندنی هەڵە و سەختیی گوزەران
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگەکانی ڕابردوودا هەڵاوسان لە کەرتی خۆراکدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بۆ نموونە، بەپێی وتەی سەرۆکی ناوەندی ئامار، لە کەرتی دانەوێڵەدا هەڵاوسان 94.3% و لە کەرتی میوە و وشکەباردا 77.3% بووە. ئەم ڕێژانە، بە شێوەیەکی بەرچاو تێچووی خۆراکی خێزانەکانی زیاد کردووە، بە جۆرێک کە بەپێی خەمڵاندنە سەربەخۆکان و ڕاپۆرتەکانی لیژنەی ئەنجوومەنی باڵای کار، تێچووی "بژێویی مانگانەی خێزانێکی مامناوەندی شارنشین" لەمساڵدا، واتە 2025، گەیشتووەتە نزیکەی 35 بۆ 40 ملیۆن تومەن.
لەم بارودۆخەدا، خێزانێک کە کۆی داهاتی مانگانەی 30 ملیۆن تومەنە، نەک هەر لە خۆشگوزەرانیدا نییە، بەڵکوو لە مەترسیی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریشەوەیە.
زۆرێک لە کرێکاران، پەرستاران، مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی تایبەت، بە دوو کار و ڕۆژانە زیاتر لە 10 کاتژمێر کارکردنەوە، هەوڵی دابینکردنی کرێی خانوو، خۆراک، هاتووچۆ، پەروەردەی منداڵان و چارەسەری پزیشکی دەدەن، بەڵام هێشتا فریای دابینکردنی ئەو خەرجییانە ناکەون.
خاوەندارێتیی خانو یان ئۆتۆمبێل؛ نیشانەی خۆشگوزەرانی نییە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەربارەی سڕینەوەی یارانەی هەندێک لە خێزانەکان، خاوەندارێتیی خانو یان ئۆتۆمبێلیشی وەک پێوەرێکی دیاریکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی داناوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێکی گەورەی خێزانە تارانییەکان، بە داهاتی سنووردار، لە ڕێگەی قەرزی قورس یان یارمەتیی خێزانەکانیانەوە بوونەتە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بچووک یان ئۆتۆمبێلێکی کۆن.
بەواتایەکی تر، ئەو پێوەرانەی وەزارەتی کار وەک نیشانە خۆشگوزەرانی بەکاریان دەهێنێت، تەنیا جەخت لەسەر سەروەت و سامانی ڕووکەش دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئابووریی خێزانی ئێرانی لەسەر بنەمای داهاتی نەختینەیی بەردەوامە، نەک تەنها بوونی خانوو یان ئۆتۆمبیل.
بڕیارێک کە هەڕەشە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات
مەیدەری ڕایگەیاندووە "ئێمە دەبێت نزیکەی 27 ملیۆن کەس لە لیستی وەرگرانی یارانە دەربهێنین. ئەم پرۆسەیە لە سەرەتای ساڵەوە دەستی پێ کردووە و مانگانە سێ ملیۆن کەس دەسڕدرێنەوە."
سڕینەوەی وەرگرانی یارانە، بە گوێرەی ئەو پێوەرەی حکوومەت دیاری کردووە، لەگەڵ هێڵی هەژاریی ڕاستەقینەدا جیاوازیی هەیە، ئەمەش لە کردەوەدا دەبێتە هۆی هەڵەی گشتگیرکردن یان سڕینەوەی نابەجێ.
بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە بەبێ پێداچوونەوە بە پێوەرەکاندا، مەترسییەکی جددی بۆ سەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. سڕینەوەی ناوی وەرگرانی پشتیوانیی دارایی حکوومەتی (یارانە) لەسەر بنەمای ژمێریاریی ناتەواو، نەک هەر یارمەتیی باشترکردنی دابەشکردنی یارانەکان نادات، بەڵکوو دەتوانێت کەلێنی چینایەتی فراوانتر بکات و چینی ناوەند بەرەو هەژاری ببات.
دارشتنی سیاسەتی ئابووری لە بارودۆخی هەڵاوساندا دەبێت لەسەر بنەمای داتای نوێ، پێوەری زانستی و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی لە تێچووی ژیان بێت، نەک لەسەر بنەمای خەمڵاندنی ژمارەیی. سووربوون لەسەر ئەوەی کە خێزانێک بە داهاتی مانگانەی 30 ملیۆن تومەن لە تاران بە خۆشگوزەران لەقەڵەم بدرێت، پشتگوێخستنی ڕاستی بژێویی ملیۆنان کرێکار و مووچەخۆرە. ڕاپۆرتەکانی لیژنەی ئابووریش ئەوە نیشان دەدەن کە تێچووی ڕاستەقینەی بژێوی بۆ خێزانێکی تارانی، ئێستا لە نێوان 35 بۆ 40 ملیۆن تومەن مەزەندە دەکرێت.
ڕانەگەیاندنی هێڵی هەژاری
ڕانەگەیاندنی فەرمیی هێڵی هەژاریی ڕەها لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگە بە حکوومەت دەدات کە پێوەرە خۆکردەکانی وەک 30 ملیۆن تومەن لەبری پێوەرە زانستییەکان، بکاتە بنەمای ئەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێییان لەسەر گوزەرانی خەڵک هەیە.
دانانی داهاتی مانگانەی 30 ملیۆن تومەن وەک سنووری دەرچوون لە بازنەی پاڵپشتی، لەگەڵ ئامارەکانی هەڵاوسان و سەبەتەی بژێویی ڕاستەقینە، ناکۆکە. ئەم هەنگاوە لە ڕوانگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە بە توندی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە؛ چونکە ئەو خێزانانەی کە لە تاران خاوەنی خانوون، بەهۆی تێچووە قورسەکانی ژیانەوە، ناتوانن بەبێ یارمەتیی یارانەکان بژێویی خۆیان دابین بکەن.
