ئیسرائیل جارێکی دیکە بۆمبارانی غەززەی کردەوە

سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دوێنێ ئێوارە، جبەخانەیەکی لە باکووری غەززە بۆمباران کردووە.

پێنجشەممە، 30 تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، لە زاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دوێنێ ئێوارە، بۆمبارانی جبەخانەیەکی لە باکووری غەززە کردووە."

بەرگریی شارستانی فەڵەستینیش کوژرانی کەسێکی سڤیلی لە ئەنجامی بۆمبارانەکەدا ڕاگەیاند.

ئەم بۆمبارانە، چەند کاتژمێرێک پاش ڕاگەیاندنی دووبارەی ئاگربەست دێت، دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە تێیدا زیاتر لە 100 کوژران.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کوژراوانی بۆمبارانەکەی ئیسرائیلی بە "دڵتەزێن" ناوبرد و دوای لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێزی ئاگربەستەکە بگرن.

سێشەممەی ڕابردوو، جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر شارەکانی غەززە، خانیونس، ڕەفەح و دێرلبەلەح لە کەرتی غەززە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 100 هاووڵاتیی فەڵەستینی کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەت بوون، کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 

 
Fly Erbil Advertisment