نێچیرڤان بارزانی: نابێت دەرچووانی زانکۆ لە ڕەوتی پێشکەوتنی کوردستان داببڕێن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای لە دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر کرد، ههر چی له توانایاندا بێت بۆ بهرهوپێشبردنی زانست له وڵاتهكهیان ئهنجامی بدهن و له ڕهوتی پێشخستنی كوردستان دانەبڕێن.
پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی خولی 15ـەیەمی دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکارەکانیان، ئاماژەی بەوە دا، گەنجەکانمان جێگەی ئومێد و شانازی هەموومانن، هەروەها سەرەڕای سەختییەکانی ڕابردوو، کاری زۆرمان لە کوردستان ئەنجام داوە.
هاوکات دەڵێت: بە ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ داهاتوو، بە ئیرادەیەکی بەهێز، ژێرخانی پتەوی پەروەردەیی و فکریمان لە کوردستان داناوە، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لە پێشە.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە گرنگی هەبوونی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمەکە کرد و گوتی: ئێمە لە کوردستان پێویستمان بە سیستەمێکی پەروەردە و فێرکاریی هەیە، کە توانای هەبێت بەردەوام لەگەڵ پێویستی و پێشکەوتنی سەردەمی خۆی نوێ بکاتەوە، سیستەمێک کە بیر و بناغە و ئامانجەکەی فێربوون و فێرکردن بێت، نەک تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامۆژگاری نەوەی نوێ لە کوردستان دەکات و دەڵێت: پێویستە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بابەتییانەیان هەبێت، پرسیار بکەن لێکۆڵینەوە بکەن، چونکە ئەقڵی کراوە بنەمای پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە، تەنیا کۆمەڵەگەی پێشکەوتوو لە یەک کاتدا توانای ڕەخنە، چاکسازی و بونیاتنانی هەیە.
لە بارەی زانکۆکانی کوردستانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دەمانەوێت زانکۆکانمان داینەمۆی پەرەپێدانی کوردستان بن و هەمیشە سەکۆی زانست و بیری ڕەوشەنگەری بن، چونکە گەلان بە زانست و بە زانین بنیات دەنرێت بە زانکۆ بیر نوێ دەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا جەختی کردەوە، دوای ئهوهی له دهیهكانی ڕابردوودا گهلی كوردستان ڕووبهڕووی سهختی و ئالنگاری زۆر بووهوه، توانییان سوود لهو ئهزموونانه وهربگرن و لهسهر ئهو بنهمایه گرنگی به كهرتی پهروهرده و فێركردن بدهن.
ههروهها پەیامێکی ئاراستەی قوتابییە دەرچووەکان کرد و ڕایگەیاند: ههرچی له توانایاندا بێت بۆ بهرهوپێشبردنی زانست له وڵاتهكهیان ئهنجامی بدهن و له ڕهوتی پێشخستنی كوردستان دانەبڕێن.
لە خولی 15ـەیەمنی دەرچووانی زانکۆی کوردستان- هەولێر، 526 قوتابی بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت.
هەروەها تا ئێستاش 3 هەزار و 125 قوتابی لە زانکۆی کوردستان بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرتووە.
