پارێزگاری هەڵەبجە: شانازی بە کولتووری دەوڵەمەندی هەڵەبجەوە دەکەین
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: داوامان لە کونسوڵی وڵاتانی بەشداری فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە کرد جلی کوردی بپۆشن.
پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەنێو فێستڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا گوتی: داوامان لە کونسوڵەکانی بەریتانیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئیمارات کرد بە جلی کوردییەوە بەشداریی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بکەن، دەشڵێت: ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام نامانەوێت زۆر ئاسایی بێنە ڤیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: ویستم کلتوورێکی هەڵەبجە و هەورامیانەیان پێ نیشان بدەین، ئەوان زۆر خۆشحاڵبوون و فێستیڤاڵەکە و جلە کوردییەکەیان زۆر بە دڵبوو.
نوخشە ناسیح گوتی: پێویستە شانازیی بکەین بە کلتوور و فەرهەنگی خۆمان، هەڵەبجەش پاشخانێکی زۆری هەیە لە کلتوور و فەرهەنگ و ئەدەب دۆست و نووسەر و شاعیری گەورەی هەیە، بۆیە شانازیی دەکەین لە هەڵەبجە دەژین.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە رایگەیاند: هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە بە کوالێتی باش نمایش کراون و ماوەی سێ رۆژ فیستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵمانداوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ئەمساڵی هەنار.
پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سوپاس بۆ خودای گەورە ڕۆژێکی پڕ خێر بەرەکەتی بە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و جووتیاران بەخشی، لەماوەی سێ ڕۆژدا لە خزمەتی میوانەکاندا دەبین، لە خزمەتی هەموو ئەوانەدا دەبین کە لە دەرەوەی شاری هەڵەبجەوە دێن، بەرهەمی جوانی جووتیارەکانمان بۆیان ئامادەکردوون، بۆیە پێیان دەڵێم زوو وەرن، مەیخەنە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژ، کەی کاتتان هەبوو وەرن.
گوتی: بەرهەمی باش و خواردنی خۆش، کەبابی بەتام، گوێز، توو، بەرهەمی دەستی لە فیستیڤاڵەکە هەن، کارکراوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانی ڕابردووش بەرهەم نێردراوەتەوە دەرەوە، هێنانی ئەم دیپلۆماتکارانە بۆ ئەوەیە زیاتر هانیان بدەین بەرهەمەکان ببەنە دەرەوە.
چوارشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەبۆنەی بەڕێوەچوونی "فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە" و بەمەبەستی كارئاسانی بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لەو بۆنە گرنگەدا، بڕیاریدابوو، پێنجشممە 30ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حکوومییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە پشووی فەرمی.
ئەم پشووە ناوەندەکانی خوێندنیش دەگرێتەوە، بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوێندكاران و مامۆستایان تا بەشداری لەم چالاکییە کولتووری و ئابوورییە گرنگەی شارەکەیاندا بکەن.
