بە پاڵپشتی مەسرور بارزانی، فەرهاد پیرباڵ ژمارەیەک دەستنووسی کوردی لە ڕووسیا دەهێنێتەوە

نووسەر و مامۆستای پێشووی زانکۆ فەرهاد پیرباڵ، ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆری دەستنووسی کوردی لە وڵاتی ڕووسیا بەدەست خستووە و دەیانهێنێتەوە کوردستان.

فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و وەرگێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە لە وڵاتی ڕووسیام و ئەمشەو دەگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان، سەردانەکەم بۆ پرۆژەیەکی تایبەتە، كه‌ ژمارەیەك دەستنووسی کورد و پەیوەندیدار بە مێژووی کورد له‌ ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو لە پترسبۆرگی ڕووسیا ده‌هێننه‌وه‌.

فەرهاد پیرباڵ گوتی: چەندین جار داوام لە ئەکادیمای کوردی و پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ هێنانەوەی ئەم دەستنووسانە، بەڵام کەسیان بە دەنگ داواکاریم نەهاتن، بۆیە لە نامەیەکدا داوام لە مەسرور بارزانی. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکەی منی دایە و داوای کرد بە زووترین کات ئەم دەستنووسانە بهێنمەوە کوردستان.

فەرهاد پیرباڵ گوتیشی: دوای هەوڵێکی زۆر، توانیم لە 80%ـی دەستنووسەکان بەدەست بخەم و دەیانهێنمەوە کوردستان، هەروەها یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانم بۆ ئەو وڵاتە کردنەوەی بەشی ڕووسییە لە زانکۆی سەڵاحەددین.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یەکێکی دیکە لە مه‌به‌سته‌كانی سەردانەکەم، کردنەوەی سەنتەرێکی کولتووری ڕووسی لە هەولێر، فەرهاد پیرباڵ جەختی لەوە کردەوە کۆبوونەوەکان ئەنجامی باشی هەبوون.

لە لای خۆیەوە، دانەر ئەحمەد، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ژمارەیەک وێنەی خۆی لەگەڵ فەرهاد پیرباڵ بڵاوکردووەتەوە و نووسیویه‌تی: "توانیمان کارئاسانی بۆ فەرهاد پیرباڵ نووسەرو و وەرگێر بکەین بۆ ئەوەی دەستی بگاتە کارە کوردناسییەکانی ئەلیکساندەر ژابە، خۆشبەختانە، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە وەک نوێنەرایەتیی خزمەتی خۆی و پرۆژە نەتەوەیی و ئەدەبییەکەیمان بە باشترین شێوە کرد تا ئەمڕۆ، کە دوا وێستگەی دیدار و چاوپێکەوتن بوو لەگەڵ پۆلێک لە قوتابییانی کوردستانی لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا."

فەرهاد پیرباڵ، لەگەڵ ژمارەیەک قوتابی کورد لە ڕووسیا
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment