دهم پارتی: ڕاسپاردهكانمان له بارهی پرۆسهی ئاشتی خسته بهردهم ئهردۆغان
شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا دەم پارتی ئاماژهی بهوه كردووه، بۆچوون و ڕاسپاردەی خۆیان خستووهته ڕوو.
پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، بۆ جاری سێیەم شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، دەم پارتی ڕاگهیهنراوێكی بڵاوكردهوه و ڕایگەیاند: پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی بەرێوەچوونی کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند و تێیدا ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری (میت) بەشدار بوو، شاندی دەم پارتی بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و کردەوەکانی داهاتوو خستە ڕوو.
یەکەمین کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و سەرۆک کۆماری تورکیا لە 10ـی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو، لە کۆبوونەوەکەدا، پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئوندەر، ئهندامی كۆچكردووی شاندی دهم پارتی بۆ ئیمڕاڵی بەشدار بوون.
هەروەها کۆبوونەوەی دووەم لە 7ـی تەممووزی ئەمساڵ بەڕێوە چوو، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون.
