هاووڵاتییەک: بۆ پشتێنەی سەوزایی، باخەکانمان پێشکەشی حکوومەت کردووە
 
                        هاووڵاتییەکی شاری هەولێر دەڵێت: باخەکانی خۆمان پیشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر تەواو بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر چاند و لە گوتارێکیشدا ڕایگەیاند: ئەم پشتێنە سەوزاییە وەک سییەک بۆ شاری هەولێر دەبێت و یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پاککردنەوەی کەشوهەوا و دابینکردنی هەوایەکی پاکتر بۆ هاووڵاتییان.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەکە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر ژینگەی هەولێر دەبێت، چونکە کاربۆن دوانەئۆکساید هەڵدەمژێت و ئۆکسجین دەگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە و دەوروبەری. ئەمەش دەتوانێت ژینگەیەکی تەندروستتر و هەوایەکی پاکتر و ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.
سهرۆك وهزیران مەسرور بارزانی ئاماژهی بهوه كردووه، پەرەپێدانی ئەم پشتێنە سەوزاییە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە خاوێنکردنەوەی ئاو و هەوای شارەکەدا.
فوئاد بەحرکەیی کە باخەکەی بەر پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر کەوتووە، بۆ کوردستان24 گوتی: دەستخۆشی گەرم لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پرۆژە گرنگە، ئێمە وەک خاوەن باخەکان، باخەکانمان ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی تێدا ئەنجام بدات.
ئەو هاووڵاتییە گوتی: بە دڵنیاییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە زیادەوە قەرەبووی خاوەن باخەکان دەکاتەوە کە باخەکانیان بەر پرۆژەکە کەوتووە، بۆیە دەستخۆشی گەرم لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، لە هەر پێنج خولەکێکدا، پێنج هەزار دار دەچێندرێت و بڕیارە حەوت ملیۆن دار بچێندرێت، چونکە لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر دەگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوی کەمی پێویستە، دارەکانیش لە داهاتوودا بەرهەمیان دەبێت.
