وڕێنە... نیشانەیەکی نوێی تووشبوونە بە کۆرۆنا
سێ هۆکار دەبنە هۆی وڕێنەکردن لەکاتی تووشبوون بە کۆرۆنا
K24 - هەولێر
رەنگە تا کە وڕێنەی لەگەڵدایە، یەکێک بێت لە نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئاشکراکراوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، کە لە زانکۆی ئۆبێرتا دی کاتالۆنیا (UOC) ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری پزیشکیی ( Clinical Immunology and Immunotherapy) بڵاوکراوەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر ئەو راستیەی هەندێک لە تووشبووانی کۆرۆنا تووشی وڕێنە دەبن، سەرەڕای نیشانەکانی دیکەی پەتاکە.
غافیێر کۆریا، لێکۆڵەر لە زانکۆی بۆردۆ لە فەرەنسا، کە زانکۆکەی چاودێریی رێکاری لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی (UOC) دەکات، دەڵێ "ئەو وڕێنەکردنە بریتییە لە حاڵەتێک، کە کەسەکە هەست دەکات لە واقیعەوە دوورە، وەک بڵێی خەون دەبینێت"، هەروەها دەڵێ "پێویستە لە ئامادەییدا بین، بەتایبەتی لە کاتی بوونی پەتایەکی هاوشێوە، لەبەرئەوەی هەرکەسێک هەندێک لەو نیشانانەی لێ بەدیاردەکەوێت، رەنگە تووش بووبێت".
غافیێر لەگەڵ دیێگۆ ریدۆلار ریپۆل، لێکۆڵەر لە تاقیگەی دەماریی زانکۆی ئۆبێرتا دی کاتالۆنیا بە ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی زانستیدا چوونەتەوە، کە لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆڤید 19 لەسەر دەمارەکانی مێشک کراون.
لەئەنجامی ئەو پێداچوونەوەیە بۆیان دەرکەوتووە؛ ژمارەیەکی زۆر ئاماژە هەن، دەریدەخەن ئەو ڤایرۆسە هەروەها کار لەسەر کۆئەندامی دەمار دەکات، بەجۆرێک گۆڕانکاری دروستدەکات و دەبێتە هۆی سەرئێشە و وڕێنەکردن.
کۆریا دەڵێ چەند گریمانەیەکی سەرەکی هەن کە چۆنییەتی کاریگەریی ئەو ڤایرۆسە لەسەر مێشک رووندەکەنەوە، بەمشێوەیە:
- کەمیی ئۆکسجینی دەماری
- هەوکردنی شانەکانی مێشک بەهۆی شەپۆلێکی زۆر گەورەی سیتۆکین
- ڤایرۆسەکە لەتوانایدایە خوێن و پەردەی مێشک ببڕێت بۆ ئەوەی یەکسەر مێشک داگیربکات
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، هەریەک لەو سێ هۆکارە دەکرێت ببنە هۆی وڕێنەکردن.
هـ.ر.