هەشت ئەفسانە لە بارەی سیستەمی خۆراکی
 
                        گۆڤاری Health Magazine ـی تایبەت بە بواری تەندروستی بە پشت بەستن بە ڕای پسپۆڕان، هەشت ئەفسانەی باوی لە بارەی سیستەمی ڕۆژانەی خۆراک خستەڕوو.
سوزان فیشەر و چێڵسی ڕای بێرگوا، پسپۆڕانی خۆراک ڕایانگەیاندووە، بڕوای هەڵە و سەرلێشێواوە لەبارەی چەمکی خۆراکی هاوسەنگەوە دروست دەکەن و کاریگەریان لەسەر پێداویستییە تاکە کەسییەکان و ئامانجە تەندروستییەکان دەبێت.
بیروڕا هەڵەکان بریتین لە:
- خواردن لە شەودا کێش زیاد دەکات
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە بیرۆکەی زیادبوونی کێش بەهۆی خواردن لە شەودا بڕوایەکی هەڵەیە، چونکە کێش کاتێک زیاد دەکات کە مرۆڤ کالۆری زیاتر لەوەی کە جەستەی توانای سووتاندنی هەیە، بخوات.
هەروەها، خۆپاراستن لە خواردن لە شەودا لەوانەیە ببێتە هۆی زۆرخواردن لە بەیانیاندا بەهۆی برسێتیی زۆرەوە.
- خۆراکی بێ گلۆتین تەندروستترە
زۆر کەس پێیان وایە کە خۆراکی بێ گلۆتین بژاردەیەکی تەندروستترە، بەڵام ئەمە بە بەردەوام ڕاست نییە.
ئەو خۆراکانە هەمان بڕی چەوری، شەکر و کالۆرییان تێدایە، کە لەو خۆراکانەن دەوڵەمەندن بە گلۆتین.
خۆراکی بێ گلۆتین تەنیا بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە هەستیاریان بە گلۆتین هەیە، یان ناتوانن گلۆتین هەرس بکەن، بەڵام بۆ کەسی ئاسایی بژاردەیەکی تەندروستتر نییە.
- دەستبەرداربوون لە ژەمەکان بۆ دابەزاندنی کێش
کاتێک ژەمەکان فەرامۆش دەکرێن، جەستە دەچێتە حاڵەتی "برسێتی" و دەست دەکات بە کۆکردنەوەی چەوری بۆ بەکارهێنانی وەکوو وزە، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی پرۆسەی هەرسکردن و ڕێگریکردن لە دابەزاندنی کێش لە ماوەی درێژخایەندا.
شارەزایان ئامۆژگاریی دەکەن، کە خواردن بە بڕی کەم و هاوسەنگ بە درێژایی ڕۆژ، بۆ پاراستنی ئاستی وزە و کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن کاریگەرییەکی باشی بۆ ڕێکی جەستە و تەندروستی دەبێت.
- هەموو خۆراکە پرۆسێسکراوەکان زیانبەخشن
هەندێک خۆراکی پرۆسێسکراو بڕێکی زۆر چەوری و سۆدیۆمیان تێدایە بەراورد بە خۆراکی تازە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو خۆراکە پرۆسێسکراوەکان زیانبەخشن. لە نێویشیاندا: سەوزەواتی بەستوو بژاردەیەکی تەندروست و گونجاوە بۆ کات کورتکردنەوە لە چێشتلێنان.
- چەوری دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش
شارەزایان جیاوازی دەکەن لە نێوان چەورییە تەندروستەکان و ناتەندروستەکاندا، یەکەمیان وەک ئەوانەی لە ئەڤۆکادۆ، زەیتی زەیتوون و گوێزدا هەن، یارمەتی هەستکردن بە تێربوون دەدەن و بە ڤیتامین دەوڵەمەندن، بەڵام چەورییە ناتەندروستەکان، وەک ئەوانەی لە خۆراکە سوورکراوەکان و ژەمە سووکەکاندا هەن، لە کاتی زۆرخواردنیاندا دەبنە هۆی زیادبوونی کێش.
- لابردنی شەکر لە سیستمی خۆراکی
لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر کەس هەوڵیان داوە شەکر بە تەواوەتی لە سیستمی خۆراکییاندا بسڕنەوە، وەک مەترسییەکی سەرەکی و زیانبەخش بۆ تەندروستی، بەڵام ئەمە بە تەواوی ڕاست نییە.
زۆرخواردنی شەکر ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی، بەڵام جەستە بۆ دابینکردنی وزە، پێویستی بە بڕێک شەکر هەیە.
هەروەها توێژەرەکان، ئامۆژگاریی خەڵکی دەکەن بە کەمکردنەوەی شەکری ئاڵۆز، لە بەرانبەریدا گرنگی زیاتر بە شەکری سروشتی بدرێت، کە لە میوە و سەوزەوات و بەرهەمە شیرەمەنییەکان و دانەوێڵەدا هەیە.
- خواردنی پرۆتینی زیاتر ماسوولکە بەهێز دەکات
زۆر کەس پێیان وایە، خواردنی پرۆتین بە تەنیا بەسە بۆ زیادکردنی بارستەی ماسوولکەکان، بەڵام پرۆتین تەنیا بەشێکە لە هاوکێشەکە، ئەگەرنا پرۆتین بۆ بنیاتنانی ماسوولکە پێویستە، بەڵام وەرزشکردن بنەمای زیادکردنی بارستەی ماسوولکەیە.
- ڕۆژانە خواردنەوەی هەشت پەرداخی ئاو پێویستە
زۆرێک لە شارەزایان پێشنیازی خواردنەوەی هەشت پەرداخ ئاو دەکەن لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بۆ پاراستنی شێداری جەستە، بەڵام ئەم بڕە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە.
پێداویستییەکانی ئاو بەپێی تەمەن، چالاکی جەستەیی، باری تەندروستی و کەشوهەوا دەگۆڕێت، هەروەها هەندێک خۆراک وەک میوە و سەوزەواتیش یارمەتی شێدارکردنەوە دەدەن.
لە کۆتاییدا شارەزایان ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن، ڕەچاوی نیشان و کاردانەوەکانی جەستەیان بکەن، بۆ ئەوەی ڕەفتارەکان بە گوێرەی پێداویستییەکانی جەستە بگۆڕدرێن.
