مەترسییەکی دیکەی جگەرەی ئەلیکترۆنی ئاشکرا کرا
ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانکۆی ڕێڤەرسایدی کالیفۆرنیا، دەریدەخات گەرمکردنی پێکهاتەی سەرەکی زۆربەی ماددە شلەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، دوو پێکهاتەی ژەهراوی پێکدەهێنن، کە زیانی ڕاستەوخۆیان بۆ سییەکانی مرۆڤ هەیە.
توێژەرانی زانکۆی ڕیڤەرساید، ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە گەرمکردنی پێکهاتەی سەرەکی زۆربەی شلەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی دوو ماددەی کیمیایی کە ڕاستەوخۆ زیان بە خانەکانی سییەکانی مرۆڤ دەگەیەنن.
ئەو دوو ماددەیە بریتین لە "مەسیل گلایۆکسال" و "ئەسید ئەلدێهاید"، کە دەکرێت لە کاتی گەرمکردنی ئەو شلانەی نێو جگەرە ئەلیکترۆنییەکان "پرۆپیلین گلایکۆل"یان لێ دروست ببن.
توێژەران بە بەکارهێنانی شانەی بۆری هەناسەی مرۆڤ کە لە تاقیگەدا چێندرابوو، خانەکانیان خستە بەردەم ئاستی ڕاستەقینەی هەردوو ماددەکە و چاودێری وەڵامدانەوەی خانەکانیان کرد و دەرکەوت کە ئەو دوو ماددەیە ئەرکە بنەڕەتییەکانی خانەکان تێکدەدەن، بەڵام بڕیکی زۆر کەم لە "مەسیل گلایکۆسال" زیانێکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە و ڕاستەوخۆ تێکەڵی مایتۆکۆندریا بووە، کە پێکهاتەیەکی خانەیە و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی وزە لەناو خانەدا؛ هەروەها کاریگەریی بەسەر ئەکتینەکانیش هەبوو، کە بەرپرسن لە پارێزگاری لە شێوە و وزەی خانە.
برۆ تاڵبۆت، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەی فشار و زیانن، لەوانەیە ببنە هۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن ئەگەر لە کاتی جگەرە کێشانی ئەلیکترۆنیدا دووبارە ببنەوە."
هەروەها گوتی "ئەسید ئەلدێهاید" پێشتر سەرنجی زیاتری پێدراوە بەهۆی بەرزی ئاستەکەی لەنێو دووکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا، کە پێکهاتەیەکی ناسراوە و پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی سییەکانەوە هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "مەسیل گلایۆکسال" لەوانەیە ژەهراویتر بێت، سەرەڕای ئەوەی بە بڕێکی کەمتر دەردەدرێت.
مان وۆنگ، توێژەرێکی دیکەیە و دەڵێت، بەکارهێنەرانی ئامێرەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بڕوایان وایە، هەڵمژینی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەراورد بە ڤەیپ، سەلامەتتر بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئاستێکی بەرزتری "مەسیل گلایۆکسال" بەرهەمدەهێنن و مەترسییەکانیان زیاترە.
مان وۆنگ ئاماژەشیداوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری جگەرە ئەلیکترۆنییەکان "پرۆپیلین گلایکۆل" بەکاردێنن، تێگەیشتن لەوەی ئەم بەرهەمە لاوەکییانە چۆن دروست دەبن و کاریگەرییان لەسەر خانەکان چییە، زۆر گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییە تەندروستییە درێژخایەنەکان."
توێژینەوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە بەرکەوتنی کورت بەم ماددە کیمیاییانە دەتوانێت ئەو ڕێڕەوە خانەییانە بگۆڕێت، کە پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی وزە، چاککردنەوەی ترشی (DNA)، و سەلامەتی پێکهاتەیی خانەکان.
