سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: کوردستان24 بۆتە سەکۆیەکی کاریگەر بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە بۆنەی 10 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.

پ.د.کامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین لە پەیەمەکەیدا ڕایگەیاند، بەبۆنەی 10 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی و کارمەندان دەکەم.

ئاماژەی بەوەشدا، کوردستان24 وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی کاریکردووە و بۆتە سەکۆیەکی کاریگەر بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.

کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.

کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.

کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment