د. نەهلە ئەفەندی: کوردستان 24 پردێکە بۆ گەیاندنی خێرای ڕاستییەکان
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، بەبۆنەی 10یەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان 24، دکتۆرە نەهلە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی کەناڵەکە کرد.
لە پەیامەکەیدا، نەهلە ئەفەندی وێڕای پیرۆزبایی لە تەواوی تیم و بینەرانی کەناڵەکە، ئاماژەی بەوەدا کە "کوردستان 24 بۆتە پردێک بۆ گەیاندنی خێرای ڕاستییەکان."
هەروەها هیوای خواست کەناڵەکە "وەک هەمیشە بە پڕەنسیپ و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بەردەوام بێت و بە گیانێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕۆڵی کارای خۆی لە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی میدیای کوردیدا بگێڕێت."
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.
کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.
کوردستان24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.
کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.
