بارسێلۆنا دەیەوێت دوای مردنیشیان پارە لە هاندەرانی وەربگرێت؛ رووفاتی خۆتان لە کامپ نوو هەڵبگرن
پڕۆژەیەکی سەیروسەمەرە و نامۆی بارسێلۆنا لەم مانگە دەستپێدەکات
بارسێلۆنا دەیەوێت دوای مردنیشیان پارە لە هاندەرانی وەربگرێت، هێشتا یاریگایەکەی بە تەواوەتی نەکردووەتەوە، کەچی دەیەوێت کامپ نوو بۆ هاندەرانی بکاتە گۆڕستان و دوای مردنیشیان هەر ناچاریان بکات پارەی بلیتی یاریگایەکە بدەن.
بارسێلۆنا شوێنێکی تایبەتی بۆ ئەم بیرۆکە نامۆیە تەرخان کردووە، بلاوگرانا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک داهات بۆ یانەکە زیاد بکات، یانە کاتەلوونییەکە بڕیاریداوە لەم مانگە شوێنێکی تایبەت بۆ هەڵگرتنی یادگاری هاندەرانی دابین بکات و لە بەرامبەردا پارە لە هاندەرانی وەربگرێت، هاندەران دەتوانن دوای مردنیان رووفاتەکانیان لە یاریگای کامپ نوو هەڵبگیرێت، بەڵام بەو مەرجەی پارە بدەن.
رۆژنامەی ARAـی کاتەلوونی پلان و پڕۆژەیەکی سەیروسەمەرەی بارسێلۆنای ئاشکراکردووە کە بلاوگرانا بەنیازە لەم مانگە دوای کرانەوەی دەرگاکانی یاریگای کامپ نوو بە رووی هاندەرانی جێبەجێی بکات، رۆژنامە کاتەلوونییەکە ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا لە یاریگای کامپ نوو لە نهۆمەکانی خوارەوەی شوێنێکی تایبەتی بۆ بیرۆکەیەکی نوێ و نامۆ تەرخان کردووە کە رووبەری ئەو ناوچەیەی بۆ هەڵگرتنی یادەوەری هاندەرانی دابینکراوە هەزار و 280 مەتر چوارگۆشەیە.
رۆژنامە کاتەلوونییەکە راشیگەیاندووە، ناوچەی ئێل میمۆریال تایبەت دەبێت بە هاندەران، لەم ناوچەیە هەزاران هاندەر دەتوانن یادگاری و بیرەوەرییەکانی خۆیان لەو یاریگایە هەڵبگرن، ناوچەی میمۆریال لە کامپ نوو ئۆفەری سەرنجڕاکێش و جیاوازی تێدایە، هاندەران دەتوانن تابلۆیەکی تایبەت بە ناو و ناسناوی خۆیان دابنێن کە نرخەکەی لە 605 یۆرۆ دەستپێدەکات، نزیکەی نۆ هەزار شوێن بۆ ئەم ئۆفەرە تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی هاندەران بتوانن ناو و ناسناو و پەیامێکی کورتی خۆیان بۆ سالانێکی دوور و درێژ لە یاریگایەکەی بارسا جێگیر بکەن.
نەک هەر ئەوەندە هاندەران دەتوانن خۆڵەمێشی خۆشیان لە یاریگای کامپ نوو هەڵبگرن کە جێگای تایبەت بۆ زیاتر لە 26 هەزار و 600 هاندەر دابینکراوە، بەڵێ یاریگایەکە بۆ هاندەرانی وەکو گۆڕستانێکی کاتی لێدێت، هەر هاندەرێکی بارسێلۆنا دەتوانێت بۆ ماوەی 25 ساڵ بەرامبەر 3 هەزار یۆرۆ خۆڵەمێشی خۆی دوای مردنی لە یاریگای کامپ نوو جێگیر بکات، یان بۆ ماوەی 50 ساڵ خۆڵەمێشی جەستەی خۆی بەرامبەر 6 هەزار یۆرۆ لە کامپ نوو هەڵبگرێت و دوای مردنیشی هەر لە یاریگای یانە دڵخوازەکەی بێت.
