کاروان سەباح هەورامی: چوار پۆندی هەرەوەزی لە کوردستان دروستکراون
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجار لە کوردستان، چوار پۆندی هەرەوەزی لە گوندەکانی کوردستان دروست دەکرێن و گوندەکان لە بێ ئاویدا ڕزگار دەکات.
شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجار لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، چوار پۆندی هەرەوەزی لە هەریر و ئاکرێ و ئامێدی و سەرسەنگ دروست دەکرێن، دەڵێت: ئەو پۆندانە بە هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و خەڵکی ناوچەکان دروست دەکرێن، دەشڵێت: پێشتر پۆندێک کە بە ملیار و نیوێک دروست دەکرا، لە پرۆژەی هەرەوەزیدا ئێستا پۆندێک بە کەمتر لە 250 ملیۆن دینار لە بوودجەی حکوومەت، دروست دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاشیگەیاند: سەرباری پرۆژەی پۆندی هەرەوەزی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هەشت پرۆژە بۆ پاراوکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی لە کوردستان جێبەجێ کراون.
وەک کاروان سەباح هەورامی ئاماژەی بۆ کرد، لە پاراوکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، ئاوی باران و لافاو گل دەدرێتەوە و دەپاوڵێردرێت و دەخرێتە بیری قوڵ و نیمچە قوڵ بۆ ئەوەی ئاوی ژێرزەوی پاراو بکرێتەوە، دەشڵێت: بە سیستەمێکی دیجیتاڵی، چاودێری ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەکەین لەم پرۆژەیەدا، ڕاشیگەیاند: لەو پرۆژەیەدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستی کردوون، هیچ بڕە پارەیەک خەرج نەکراوە.
