مارک ساڤایا جەخت لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان دەکاتەوە
یەکەم لێدوانی مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، مشتومڕی چڕی لەسەر داهاتووی ئاسایش و سەروەری ئەو وڵاتە دروستکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاوکراوەتەوە مارک ساڤایا جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرمانی حکوومەتی ناوەندیدا کردەوە و ڕایگەیاند "هیچ جێگەیەک بۆ گرووپە چەکدارەکان نییە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاربکەن". ئەم لێدوانە بە ڕوونی خواستی واشنتن بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لە عێراقدا نیشان دەدات، بەتایبەت لە کاتێکدا نیگەرانی هەیە لەبارەی کاردانەوەی ململانێ ناوچەییەکان، وەک ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەسەر سەقامگیری ناوخۆیی عێراق.
ساڤایا لە بەیاننامەکەیدا دووپاتیکردەوە ئەرکی وڵاتەکەی لە عێراق بریتییە لە "بەدەستهێنانی سەقامگیری، سەروەری و خۆشگوزەرانی". هەروەها داوای "هاوبەشییەکی نزیک"ی لە نێوان بەغدا و هەولێر کرد بۆ گەیشتن بە عێراقێکی خاوەن "سەروەری تەواو، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەتی لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە".
ئەم پەرەسەندانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی کە باس لەوە دەکەن گوایە هەندێک گرووپی چەکداری عێراقی نزیک لە تاران، خۆیان بۆ هێرشی ئەگەری دژ بە ئیسرائیل ئامادە دەکەن، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دەستنیشان کردووە.
هەروەها ترەمپ ستایشی ساڤایای کردبوو و گوتی: "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق کار دەکات. تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمەریکا."
