ئێران.. دوو ئەندامی هێزەکانی بەسیج کوژران
گرووپێکی چەکدار دوو ئەندامی هێزەکانی بەسیجی ئێرانیان لە سەر ڕێگای خاش – زاهیدان کوشت.
یەکشەممە،2ـی تشرینی دووەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی بارەگای قودسی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند "ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی بەسیج، لەسەر ڕێگای زاهیدان- خاش، لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، لە لایەن چەکدارانی نەناسراوەوە دەستڕێژی لێ کراوە و لە ئەنجامدا دوو بەسیجیی بە ناوەکانی ئیسماعیل شاوەرزی و موختار شاهۆزەهی، کوژران."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو دوو بەسیجییە کوژراوە، سەر بە هۆزی شاهۆزەهی سوننە مەزهەبن.
تا ئێستا، چەندان جار شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکان و هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران، لەسەر ڕێگای زاهیدان-خاش ڕووی داوە.
سەرەتای مانگی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکدار لەسەر ڕێگەی زاهیدان-خاش، تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی پۆلیس کرد و لە ئەنجامدا دوو پلەدار بە ناوەکانی یوونس سەیاد ئەربابی و ئیبراهیم پیری کوژران و عەقید ئیبراهیم فەزیڵەتی، فەرماندەی پۆلیسی شارۆچکەی سیب و سووران، بریندار بوو.
