ئیسرائیل خۆی بۆ هەڕەشەکانی عێراق ئامادە دەکات

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی سەربازی ئەگەری لە عێراقەوە ئامادە دەکەن، کە پێشبینی دەکرێت لە شێوەی هێرشی درۆن، مووشەک، یان جوڵەی هێزی زەمینی بێت لە نزیک سنوورەکانی ئوردن و سووریا.

ماڵپەڕی هەواڵی عیبری "والا" لە زاری سەرچاوەکانی فەرماندەیی باکووری ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هۆشداری دراوە لەبارەی وەبەرهێنانی ئێران لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان و ژێرخانی سەربازی لەو وڵاتەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سوپای ئیسرائیل و مۆساد چاوەڕوان دەکەن عێراق ببێتە سەرچاوەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە، ئێران "وەبەرهێنانێکی بەرچاو" لە گرووپە عێراقییەکان و ژێرخانی سەربازیدا دەکات، تاوەکو لە کاتی پێویستدا بتوانن لە ڕێگەی ئاسمان و وشکانییەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

هەروەها "والا" ئاشکرای کردووە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بەم دواییانە سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی گرووپە چەکدارەکاندا کۆبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی زیاتر کردووە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا، هێرشی کردووەتە سەر ناوەندە لۆجستییەکانی ئێران لەسەر سنووری عێراق و سووریا، کە لەلایەن گرووپە عێراقییەکانەوە بەکاردەهێنران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل بەوریاییەوە چاودێری جوڵەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەکات.

هەڵدانی مووشەک و درۆن لە خاکی عێراقەوە، بە شێوازێکی هاوشێوەی ئەو هێرشانەی لە ڕابردوودا کراونەتە سەر ئیسرائیل. هەروەها  دەستپێکردنی جوڵەیەکی زەمینی لە عێراقەوە بەرەو سووریا، و لەوێشەوە ئەگەری گەیشتن بە سنووری ئیسرائیل و ئوردن.

 
Fly Erbil Advertisment