دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان؛ شاندی دەم پارتی دەچێتە ئیمراڵی

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا؛ شاندی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە سبەی دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببنەوە. 

شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ پێکدێت. ئەم سەردانە دوای کۆبوونەوەی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 30ی تشرینی یەکەمی  2025 دێت.

پێشبینی دەکرێت شاندەکە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئۆجەلان بگوازنەوە و گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاندووە، پێویستە هەنگاوی کردەیی و ڕێخۆشکەر بۆ پرۆسەی ئاشتی بنرێت. داواشی کردووە، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە زووترین کات دەستبەکاربێت و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە. 

هاتیمۆگولاری هەروەها جەختی لەسەر کشانەوەی سەرجەم قەییومەکان، ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووەتەوە وەک بەشێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ نیشاندانی نیازپاکی.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد. 

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.

 
 
Fly Erbil Advertisment