مەسرور بارزانی: پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە
جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت، هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت.
یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شەقڵاوە، گوتی: سڵاوی سەرۆک بارزانیتان لیبێت و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتتاندام، داوا دەکەم هەموومان بە یەکەوە بەخێرهاتنی گەرمی کاندیدەکانی پارتی بکەین.
جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند: زۆر گرنگە بەشداریی لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتییان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی لهگهڵ ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن و ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ، زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن، چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە. پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە، پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لە پێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات.
هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتیدا بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازیی دەکات لە نێوان شار و پارێزگاکانی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت، بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتییه، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت و با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە، بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.
لە درێژەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت، هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، شەقڵاوە شوێنی پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینیی جیاوازیی تێدایە و جێگەی شانازییە.
مهسرور بارزانی له بارهی ڕهخساندنی ههلی كار بۆ كوردستانیان گوتی: دەمانەوێت هەلی کاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان هەبێت، لە ساڵی 2013ـەوە حکوومەتی فیدراڵ نەیهێشتووە یەک کەس لە کەرتی گشتیی هەرێم دابمەزرێت، ئێمەش نەوەستاوین و پەرەمان بە کهرتی تایبەت داوە، تا ئێستا 140 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ خەڵکی ڕەخسێنراوە، هەلی کاری زیاتریش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنین.
