مه‌سرور بارزانی: حوکمڕانی بە دز و گەندەڵ و مافیا ناکرێت
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لەوە کردەوە، ئه‌و شوێنانه‌ی كه پارتی باڵاده‌ست بووه زۆر جیاوازه له‌و شوێنانه‌ی كه پارتی تێیاندا باڵاده‌ست نه‌بووه، به تایبه‌تی له ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه، چونکە ئەوان ڕێگر بوون لەوەی پارتی خزمەتگوزاری پێشكه‌شی هه‌موو شوێنێكی كوردستان بكات
یه‌كشه‌ممه، 2ـی تشرینی دووه‌می 2025، مه‌سرور بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌رخستنی لیستی 275ـی پارتی له شه‌قڵاوه گوتی: پرسیار ده‌كرێت بۆ چی تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌ی ده‌یه‌م پێك نه‌هێنراوه، "ئەوان خۆیان دەڵێن کە ئێمە نەمانهێشووە حکوومەت پێک بهێنرێت. نەهێشتن و ڕێگری‌کردن لە پێکهێنانی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک دەستکەوت نییە، بەڵام ئەوەی ڕاستییه، پارتی جەختی لەوە کردووەتە کە دەبێت حکوومەت حکوومەتێکی سەرتاسەری بێت، یەک حکوومەت، یەک کوردستان، یەک لەشکر، ئەوەش فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانییە کە سیاسەتی پارتییە، پارتی بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە سازش لەسەر ئەوە بکات پێکهێنانی حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەکار بهێنرێت، پلە و پۆست ببن بە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەت."
مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و شوێنانه‌ی كه پارتی باڵاده‌ست بووه زۆر جیاوازه له‌و شوێنانه‌ی كه پارتی تێیاندا باڵاده‌ست نه‌بووه، به‌تایبه‌تی له ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه، چونکە ئەوان ڕێگر بوون لەوەی پارتی ئەو ئاوەدانییەی کە لێرە دەستی پێکردووە و ئەو خزمەتگوزارییەی لێرە پێشکەشی کردووە، پێشكه‌شی هه‌موو شوێنێكی كوردستانی بكات.
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: ئەو لایەنانەی کە دەڵێن، ڕێگەمان گرت لە پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانە بوون کە داوای پۆستیان کرد بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و نەیانهێشتووە حکوومەت پێک بهێنرێت. پارتی تا ئێستا پشووی درێژ بووە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستانی لەبەرچاو بووە، هەر کاتێک پارتی هەست بکات بەرژوەندیی خەڵکی کوردستانه حکوومەت پێك بهێنرێت، دەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت. جه‌ختیشی كرده‌وه: "ئێمە حکوومەتمان دەوێت بۆ خزمەتگوزاری، حکوومەتمان دەوێت بۆ ئەوه‌یە خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، حکوومەتمان بۆ پلە و پۆستمان نەویستووە، هەرگیز نەمانویستووە بەرژەوندیی خەڵکی کوردستان بکەیەن قوربانی بەرژوەندیی کەسی و حزبی.
مه‌سرور بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا باسی له‌وه كرد، ئازادیی ئەوەیە تۆ بۆ مافی نەتەوەیەک تێبکۆشی، ئازادیی ئەوەیە بۆ ئازادیی خاک تێبکۆشی، ئازادی ئەوەی نییە، بە تۆپ و تانک بچیتە سەر هۆتێلێک یان بچیتە سەر حزبی ئۆپۆزیسیۆن.
جێگری سه‌رۆكی پارتی هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، حوکمڕانی بە خەڵکی دیکە ناکرێت، به‌ڵكوو تەنیا بە پارتی دەکرێت، پارتی دڵسۆزی ڕاستەقینەی ئەم گەلەیه، بۆیە با هیچ لایەنێکی دیكه بیر لەوە نەکاتەوە شان لە شانی پارتی بدات، چونکە پێیان ناکرێت، ئەوەی ئامادەبوو خاک بفرۆشێت، چۆن ئێستا دڵسۆزی خاکەکه‌ی دەبێت، پێی ناکرێت. تەنیا ئەو کەسە دڵسۆزی کوردستانە کە ئامادەیە خۆی لە پێناو بەخت بکات، ئەوانەش تەنیا جەماوەر و پێشمەرگەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانین.
