عێراق.. له كۆی 7 ملیۆن چه‌كی بێمۆڵه‌ت ته‌نیا 125 هه‌زار له وه‌زاره‌تی ناوخۆ تۆمار كراوه
دیارده‌ی چه‌كداری و میلیشیاگه‌ری و به سه‌ربازگه‌كردنی وڵات له دوای ساڵی 2003 و دواتریش له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری له عێراق، زیاتر په‌ره‌ی گرت، به شێوه‌یه‌ك هێزی نیزامی جێپێی له‌ق كرا و تاقم و گرووپی جیاجیای چه‌كداری بوونه جێگره‌وه و ڕۆڵی سوپا و هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان به نه‌رێنی گێڕاوه، به‌م جۆره چه‌كێكی زۆر كه‌وته ده‌ستیان و ده‌ست هاووڵاتییان و بۆ له‌مه‌ودوا، خه‌ریكه هه‌موو عێراقییه‌كان ده‌بنه چه‌كدار.
یه‌كێك له ئاڵنگارییه به‌رده‌وامه‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق له دوای ساڵی 2003ـوه، بوونی چه‌كه به ده‌ست گرووپ و تاقم و هاووڵاتییانی گشتی و تا ئێستا نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵی ئه‌م دۆخه سه‌ربازییه بكات و یاسایان به سه‌ردا جێبه‌جێ بكات، به‌مه‌ش له لایه‌ك وایكردووه هاووڵاتییانی متمانه‌یان به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌مێنێت و له لایه‌كی دیكه‌ش به‌تایبه‌تی له‌م دواییانه بكه‌ونه ژێر چاوسووركردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ماوه‌ی ساڵێك زیاتره به‌رنامه‌ی تۆماركردنی چه‌كی ده‌ست پێكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو خۆی ده‌ڵێت، چه‌ك به ته‌نیا له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بهێڵێته‌وه و كۆتایی به دیارده‌ی چه‌كداری له شار و ناوچه جیاجیاكان بهێنێت، كه ڕۆژانه بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی مه‌ده‌نییانه له عێراق.
ڕاپۆرته ئه‌منییه نافه‌رمییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، زیاتر له حه‌وت ملیۆن چه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه و به ده‌ست هاووڵاتییان و گرووپ و تاقمه میلیشیاكانه‌وه‌یه، به شێوه‌یه‌ك چه‌كه‌كان جۆراوجۆرن له چه‌كی بچووك و مامناوه‌ندیی پێكدێن و زۆربه‌یان بێمۆڵه‌تن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق كه له ساڵی 2024 به‌رنامه‌ی تۆماركردنی چه‌كی ڕاگه‌یاند، به گوێره‌ی دوایین ڕاپۆرتهكانیشی تاوه‌كوو ناوه‌ڕاستی ئه‌م ساڵ، ته‌نیا 125 هه‌زار پارچه چه‌ك تۆمار كراون، له كاتێكدا هێشتا نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن ماوه تۆمار بكرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و ئاسایشی هاووڵاتییان و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه له لایه‌ن ده‌ره‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه به‌رده‌وام داوای چه‌ككردنی گرووپ و تاقمه میلیشیاكان ده‌كات.
